وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی نەناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان: پارەمان لێبڕابوو

06-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکرای خۆیدا دواکەوتووە. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "پارەمان لێبڕابوو و چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقین بۆ ئەوەی شایستەی دارایی زیاتر بەسەر جووتیاراندا دابەش بکەین".   

حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ پێدانی شایستەی جووتیاران تەرخانکرابوو تەواو بووە، چونکە رادەستکردنی گەنم لە سەرووی پێشبنییەکان بوو. لە بنەڕەتدا پێویست بوو تەنیا 4 ملیۆن تۆن گەنم وەربگیرێت، کەچی ئەم وەرزە گەیشتە سەروو 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم؛ بۆیە پارەی تەرخانکراو تەواو بوو".
 
حەیدەر گەرعاوی گوتی، پێشنیازیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بڕە پارەیەکی دیکەیان بۆ تەرخان بکرێت و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر تریلیۆنێک و 790 ملیار دینار داوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، لەو تریلیۆن و 790 ملیار دینارە نزیکەی 340 ملیار دیناری دابەشکراوە کە بەشێکی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی دیکەی خەرجکرد، دەست بە دابەشکردنی دەکەن و ئەو دابەشکردنەش بە چوار جار دەبێت. 
 
بەپێی بە دواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆربەی ئەو پارێزگایانەی تائێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەنیشینەکانن، بەو پاساوەی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق زووتر گەنمیان وەرگرتووە، بۆیە پارەیان زووتر رادەست کراوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاویکردەوە، جووتیاران دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی گەنمەکانیان چەکی پارەکانیان وەردەگرن و لەماوەی 15 رۆژدا پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.  
 
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رۆژی 30ی ئابی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، 500 هەزار تۆن گەنم رادەستکراوە کە بایی 400 ملیار و 24 ملیۆن و 69 هەزار دینارە و تائێستا 126 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە و، چاوەڕێن بەمنزیکانە پارەکەی دیکەش بگات. 
 
پار، بەهۆی وشكەساڵی و کەمیی باران بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو؛ بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، لەکاتێکدا ئەمساڵ بەرهەم زۆر بوو، بۆیە حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی تەنیا لە هەرێمی کوردستان سنووردار کرد و 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.