رووداو دیجیتاڵ
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی نزیکەی سێ مانگە لە سلێمانی دەستگیر کراوە. کوڕە گەورەکەی دەڵێت، سێ جار بینیویانە، بەڵام رێگەیان نەداون لە کەیسەکەی بپرسنەوە.
ئارام قادر، کەسایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشایەوە.
ئەحمەد، کوڕەگەورەی ئارام قادر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ سێ جار باوکممان لە زیندان بینیوە، دوایین جاریان سێ هەفتە لەمەوبەر بوو، تەندروستیی باشە، بەڵام نازانین بۆچی دەستگیر کراوە."
کوڕەکەی ئارام قادر دەڵێت، "لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ باوکم رێگە نەدراوە لە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بپرسین، تەنیا رێگەی یەکتربینین و زانینی تەندروستیی دراوە."
ئارام قادر لە 12ی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە دەستگیرکراوە. هێزە ئەمنییەکان بابەتەکە بە "هەستیار" ناودەبەن و قسەی لەسەر ناکەن.
شەوی رابردوو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەشێکی راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند، "داوای بینینی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانیمان کردبوو. دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی رێگەیان نەداوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستیی ناوبراو، شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەدراوە."
ئەحمەد ئارام قادر گوتی، "ئێمە لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر هێڵ بووین و داوامان کردووە بەدواداچوون بۆ کەیسی باوکم بکەن."
کوڕە گەورەکەی ئارام قادر باسی لەوەش کرد، "دەزانین باوکم لە زیندانی دژە تیرۆر لە هێزەکانی فەرماندەیی زیندانی کراوە و لەوێ بینیومانە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نە دراوەتە دادگە و نە رێگە دراوە پارێزەری هەبێت."
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە قسەی جیاواز دەکرێت، دەگوترێت بەهۆی هەبوونی پەیوەندی بە یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکەوە ئارام قادر دەستگیرکراوە، بەڵام نە کوڕەکەی و نە هێزە ئەمنییەکان ئەمە پشتڕاست ناکەنەوە.
کەسوکاری ئارام قادر دەڵێن، ئەو "پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە، بۆیە پەیوەندییەکانی شاراوە نەبوون و پەیوەندیی ئاسایی هەبووە."
بە گوتەی ئەحمەد ئارام قادر، "بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندیی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
ئارام قادر دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە هاوپەیمانیی نیشتمانی وازی هێنا، هیچ پۆستێکی سیاسیی نەبووە و نەچووەتە نێو هیچ لایەنێکی سیاسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ