تیمەکان بۆ دۆزینەوەی بێهزاد کەریمی لە بەنداوی مهاباد دەستیان بە گەڕان کردەوە

06-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
روودا دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی مهاباد کەوتووەتە نێو بەنداوی شارەکە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
 
 ئەمڕۆ شەممە، 6ی ئەیلوولی 2025، سەید نەسیر مەحموودی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مهاباد رایگەیاند، گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاووڵاتییە 36 ساڵەی دوێنی چووە نێو بەنداوی مهاباد بەردەوامە و تیمەکانی مەلەوانی لە کاژێر 8 بەیانییەوە دەستیان بە گەڕان کردووەتەوە.
 
 سەید نەسیر مەحموودی گوتی: "کاژێر سێی دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینیش تیمەکان بەدوای بێهزاد کەریمی تەمەن 36 ساڵدا گەڕان."
 
سەید نەسیر مەحموودی دەڵێت: " رووداوی لەم شێوەیە یەکەم جار نییە روودەدات و داوا لە خەڵک دەکەین لە بەنداوەکەدا مەلە نەکەن."
 
بە گوتەی سەید نەسیر مەحموودی، ئاوی بەنداوی مهاباد بۆ خواردنەوەیە و پێویستە خەڵک لە بەنداوەکەدا مەلە نەکەن بۆ ئەوەی نەخۆشی بۆ خەڵک نەگوازرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مهاباد گوتیشی، بەهۆی هەبوونی تۆرباینی بەهێزەوە بۆ راکێشانی ئاو لە نێو بەنداوەکە، ئەگەری راکێشانی ئەو کەسانەش هەیە کە لە بەنداوەکەدا مەلە دەکەن.
 
بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مهاباد ئاماژەی بەوەشکرد: "تیمی مەلەوانیی مهاباد بەدوای تەرمی بێهزاد دا دەگەڕێن. کامێرای تایبەتی ژێرئاویش بەکاردەهێندرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
 
رۆژی هەینی، 29-08-2025 کوڕێکی خەڵکی سەقز بە ناوی کارۆ روستەم پوور لە کاتی مەلەوانی لە بەنداوی مهاباد خنکا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
 
بەپێی ئامارێکی فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا گیانیان لەدەستدابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە