تورکیا و پەکەکە ئاماری شەڕ بڵاودەکەنەوە

06-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە چوار رۆژدا 15 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوویدا 37 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، کە ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکان لە رۆژانی 3 بۆ 6ی تشرینی یەکەمی 2023دا لە ناوچەکانی مەتین، زاپ، خواکوڕک و گارە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان 13 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا 15 سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون، گورزیان لە دوو پێگەی سەربازییش داوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیاش، لە رۆژانی 1 تاوەکو 5ی تشرینی یەکەمی 2023، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانیان 155 پێگەی پەکەکە و هەسەدەیان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.
 
وەکو وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانیاندا 37 گەریلای پەکەکە و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا وردەکاریی زیاتری رانەگەیاندووە، بەڵام تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای تورکیا 48 جار بۆردوومانی چەندین شوێنی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو تیمە بۆ رووداو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 19 جار بۆردوومانی گوندەکانی بناری قەندیل لە سنووری قەزای پشدەر، دەڤەری شارباژێڕ و چیای ئاسۆس کراوە؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک سێ جار بۆردوومانی ناوچەکانی حەفتانین و گوندەکانی ناحیەی دەرکار لە سنووری قەزای زاخۆ کراوە؛ 14 جاریش بۆردوومانی ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، گارە و مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی کراوە؛ لە سنووری پارێزگای هەولێریش 12 جار بۆردوومانی گوندەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری قەزای سیدەکان کراون.
 
سوپای تورکیا بە چڕیش رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات. ئاساییشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی، درۆن، تۆپ و هاوەن هێرشی کردووەتە سەر ژێرخان و خەڵکی سڤیل لە گوند و شارۆچکەکان، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی "زیانی گەورە بە ژێرخان بگات" و خەڵکیش ببێتە قوربانی.
 
راگەیێندراوی ئاساییشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، درۆنەکانی تورکیا سێ وێستگەی کارەبایان لە قامشلۆ، دربێسیێ و سوێدییە بۆردوومان کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە شاری قامشلۆی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانێس کارگەیەکی دروستکردنی سەهۆڵ لە سنووری ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت کراوەتە ئامانج.
 
ئەم زنجیرە بۆردوومان و تۆپبارانە نوێیە دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023ی سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا دەستی پێکرد.
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی دوو هێرشکارەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە قوبرسییەکەیدا باسی لە دوایین لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر بارەگای ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد.
 
هاکان فیدان گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوت، هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە"؛ گوتیشی، ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگای هەواڵگریمان دەبن."
 
هەمان رۆژ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، "ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەچوون وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن. وەک چۆن ئێمە بەشێک نین لە ململانێی نێوخۆی تورکیا، هانی پەرەسەندنیشی نادەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.