رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی جەما لە کوردانی ئێزدی دەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی ماف و داواکارییەکانیان بەردەوام دەبێت.
رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەبۆنەی جەژنی جەماوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزان میری ئێزدییان، بابا شێخ و ئەنجوومەنی رووحانی و تەواوی خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم رۆژەکانی جەژن بە خێر و خۆشی بەسەر ببەن."
ئەمڕۆ هەینی، یەکەم رۆژی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدییە؛ مەسرور بارزانی دەڵێت، بەم بۆنەیەوە، "دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشتیوانیکردنی ماف و داواکارییەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان بەردەوام دەبێت."
جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی ساڵانە بۆ ماوەی 7 رۆژ بەردەوام دەبێت. رۆژانە لە رێوەڕەسمەکەدا مۆم دادەگیرسێندرێت و چەندین چالاکیی دیکەشی تێدا دەکرێن.
رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژدا دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبێتە "زادێکی پیرۆز" و پێیدەڵێن "سمات".
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی چوار ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ