رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی هاتنی جەژنی جەما لە کوردانی ئێزدی دەکات و دەڵێت، دەبێت ئێزدییەکان لە شنگال دوور لە هەموو جۆرە گوشار و لەمپەڕێک بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.
رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023، سەرۆک بارزانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی جەما پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەبۆنەی هاتنی جەژنی (جەما)ی خوشک و برا ئێزدییەکان، پیرۆزبایی گەرم لە میری ئێزدییان، بابا شێخ و ئەنجوومەنی رووحانیی ئاینی ئێزدی و هەموو خوشک و برا ئێزدییەکانی کورستان و جیهان دەکەم."
ئەمڕۆ هەینی، یەکەم رۆژی جەژنی جەمایە؛ سەرۆک بارزانی دەڵێت، لێرەوە، "داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەین کە دەبێت خوشک و برا ئێزدییەکان، بە تایبەت لە دەڤەری شنگال بتوانن برینەکانیان ساڕێژ بکەن و بە ئازادی و دوور لە هەموو جۆرە گوشار و لەمپەڕێک بڕیار لە چارەنووسیان بدەن."
هەر بەم بۆنەیەوە، سەرۆک بارزانی جەخت لە بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان لەنێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، "هیوادارم خوشک و برا ئێزدییەکانمان جەژن و بۆنەکانیان بە ئارامی و دڵخۆشی بەسەر ببەن."
جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی ساڵانە بۆ ماوەی 7 رۆژ بەردەوام دەبێت. رۆژانە لە رێوەڕەسمەکەدا مۆم دادەگیرسێندرێت و چەندین چالاکیی دیکەشی تێدا دەکرێن.
رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژدا دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبێتە "زادێکی پیرۆز" و پێیدەڵێن "سمات".
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی چوار ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بناڤێ خودێ مەزن و دلۆڤان
بهەلكەفتا هاتنا جەژنا (جەمایێ) یا خویشک و برایێن ئێزدی، پیرۆزباهیێن گەرم ل میرێ ئێزدیان و بابا شێخ وجڤاتا ڕۆحانیێ ئایینێ ئێزدی و هەمی خویشک و برایێن ئێزدی یێن كوردستانێ و جیهانێ دكەم.
ل ڤێرێ داكۆكیێ ل سەر هندێ دكەین، دڤێت خویشک و برایێن ئێزدی بتایبەت ل دەڤەرا شنگال بشێن برینێن خۆ سارێژبكەن و ب ئازادی و دیر ل هەمی جۆرێن گوشار و ئاستەنگا بڕیارێ ل سەر چارەنڤیسێ خۆ بدەن .
هەر ب ڤێ هەلكەفتێ تەكەزێ ل بهێزكرنا كولتورا پێگڤەژیانێ دناڤبەرا ھەمی پێکھاتێن ئولی و نەتەوەیێن کوردستانێ دكەم و هیڤیدارم خویشك و برایێن مە یێن ئێزدی جەژن و هەلكەفتێن خۆ ب ئارامی و دلخۆشی بكەن .
جەژنا هەوە پیرۆز و بمینن بخێرو خۆشی
مسعود بارزانی
6ـی تشرینا ئێكێ 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ