رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرانی پارتی لە سنووری بەردەڕەش و ئاکرێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە رێوڕەسمێکدا بە دروشمی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" ناسێندران. بەرپرسی لقی 9ی پارتی دەڵێت، لەسەر ئاستی دهۆک رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ناساندنی بەربژێرانیان بەڕێوەدەچیت.
ئەمڕۆ دووشەممە 06-10-2025 مەردان خدر، بەرپرسی لقی 9ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پیشکێشی کرد، رایگەیاند، ''ئەمڕۆ لە سنووری هەردوو قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش، بە شێوەیەکی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان دەستپێکرد.''
شەش بەربژێر لە سنووری لقی 9ی پارتی هەن. مەردان خدر ئاماژەی بەوە کرد، ''لە رێوڕەسمێکدا بەربژێرانمان ناساند و لە رۆژانی داهاتووشدا کار و چالاکییەکانمان بۆ بانگەشە، لە رێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس بەردەوام دەبن.''
بەرپرسی لقی 9ی پارتی باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە حیزبەکەی پێشکێشی دانیشتووانی ئاکرێ و بەردەڕەشی کردووە و گوتی، ''خزمەت و کاری پارتی تەنیا لەکاتی هەڵبژاردندا نین، هەمووکات دەڵێین ئێمە تەنیا کار بۆ هەڵبژاردن ناکەین، بەڵکو هەر کاتێک خەڵکی کوردستان پێویستییان بە ئێمە هەبێت، دەرگەمان واڵایە.''
مەردان خدر دەڵێت، پارتی لەسەر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی زۆری بۆ سنووری بەردەڕەش و ئاکرێ جێبەجێکردووە، ''لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا چەندین پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 231 ملیار دینار تەنیا لە قەزای ئاکرێ جێبەجێ کراون و لە بەردەڕەشیش بە بەهای زیاتر لە 400 ملیار دینار پڕۆژە هەن کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیشیان لە قۆناخی داهاتوودا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.''
بە گوتەی بەرپرسی لقی 9ـی پارتی، حیزبەکەی بە مەبەستی ناساندنی بەربژێرانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ''لە سنووری پارێزگاکان، رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەبات، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا، لەسەر ئاستی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای دهۆکیش رێوڕەسمێکی لەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت.''
رۆژی هەینی 03-10-2025 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد کە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێ. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ