رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر، حکومەتی عێراق پێنج مووچەی ئەم ساڵ خەرج دەکات. هەروەها باسی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکات و دەڵێت، دەبێت کورد مەترسییەکانی رۆژی دەنگدان لەبیر نەکات و پارێزگاری لە نیوەی کورسییەکانی شارەکە بکات.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات و گوتی: "بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەندی پاساوی نەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە و ئێستا ئەو پاساوە نەماوە و مووچە دەنێردرێت".
لەم هەڤپەیڤینەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی گرنگیی کەرکووک بۆ کورد دەکات و داوا دەکات، هەموو کوردێک لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێتەوە شارەکە و ناسنامەی کوردبوونی کەرکووک بپارێزن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بانگەشە دەستیپێکردووە، بەڵام بابەتی سەرەتامان تایبەتە بە مووچە، ئەمە گرنگە. پەیوەندیی هەولێر و بەغدا چۆنە؟ پێنج مووچەی ئەم ساڵ ماوە خەرج دەکرێت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: ئاشکرایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی چونەتە رێککەوتنێکەوە و هەردوو سەرۆکوەزیران قسەیان لەسەر کردووە و ئێستا رێککەوتنەکە چووەتە جێبەجێکردنەوە، پاساوی نەناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەما، چونکە بەبازاڕکردنەکەی ئێستا سۆمۆ دەیکات، لەسەر نانەوتیش رێککەوتن کراوە و کارایە تاوەکو لیژنەکان داهاتی نانەوتی بە رێگەیەکی دیکە و چارەسەری یەکجارەکی دەکەن، بۆیە مووچەی مانگەکانی 8، 9 و 10 و مانگەکانی دیکەش دێت.
رووداو: هەموو مووچەکان لەم چەند مانگەدا دێن؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: رێککەوتنەکە وایە، پاساوی ئەوان ناردنی نەوت بوو ئێستا هەناردە کرا و دەبێت نووسراوی ئەوانیش جێبەجێ بکرێت، کە دەڵێت لە بەرامبەردا مووچە دەنێرین.
رووداو: هیچ شێوازێک دیاریکراوە بۆ ناردنی پارەی مووچە، بۆ نموونە دوو مووچە پێکەوە دەدرێت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: دوو مووچە ناکرێت پێکەوە، ئێستا مانگی 7 دراوە، مانگی 8ـیش دەست بەناردنی بکرێت، دوای ئەوە ئەوەی لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەکو بابەتی داهاتی نانەوتییە، ئەوەش لێرەوە رەوانە دەکرێت؛ تەنیا کاری کارگێڕی ماوە و هیچ کێشەی دیکە نییە بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، حکومەتی عێراقیش نەیانگوتووە مووچە نانێرین.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی ناوەندی کردووە خۆیان لەسەر داهاتی نانەوتی رێکبکەون و راپۆرتی ئەنجوومەنی دەوڵەت تەنیا وەکو راوێژکاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە بۆچوونی ئێوە ئەمە دەکرێت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو مووچەخۆراندا رازیبوو ئەو بڕە پارەیە وەکو بڕێکی دیاریکراوی بڕدراوە بنێرێت، چونکە بەڕاستی ناهەقییەکی گەورەیە بڕێک پارەی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەیت کە ئەو بڕە نییە. داهاتی نانەوتییان لە بەرزترین ئاستدا دیاریکردووە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بە دانانی بازگە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق وایکردووە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان زۆر کەم ببێتەوە. هاتووشن داوای بەرزترین داهاتی نێوخۆ دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو مووچەخۆراندا قبوڵیکردووە تاوەکو لیژنەکان کارەکانیان تەواو دەکەن و بەگوێرەی یاسا نیوەی داهاتەکە بۆ ناوەندی بێت و نیوەکەی دیکەش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بۆ خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی خۆی خەرجی بکات.
رووداو: سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، هیچ بڕیارێک دەدرێت بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: پێشتر بڕیاریانداوە بەگوێرەی رێککەوتنەکە مووچە بنێرن، بۆیە پێویست ناکات هەموو جارێک دووبارە بکرێتەوە، خەرجکردنی مووچە ئێستا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانە و بەبێ ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەتوانێت بڕیاری خەرجکردن بدات.
رووداو: بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی مانگی هەشت نەدراوە؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: منیش دەڵێم بڕیار نەدراوە، بەڵام بڕیارەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوێت و راستەوخۆ سەرۆکوەزیران [سوودانی] دەتوانێت خەرجی بکات بەگوێرەی رێککەوتنەکە.
رووداو: دۆخی پارتی لە کەرکووک چۆنە لەم هەڵبژاردنەدا؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستمان کردووە بە بانگەشە و ئومێدی زۆرمان بە خەڵکی ئەم شارە هەیە، بە کورد و پێکهاتەکانی ئەم شارە بەگشتی. کەرکووکی ئێستا و ساڵی 2021 جیاوازی زۆرە، پێشتر لەم شارە شەش پەرلەمانتار هەبووە، بەڵام لەم شارە سەربازگە هەبووە، کەس نەیتوانیوە ئاڵا بەرزبکاتەوە، باسی زەوی بکات، ستەم لە خەڵکی ئێمە دەکرا، پارێزگارێکی عەرەبی شۆڤێنی لێبوو.
بە سێ ساڵ کارکردنی ئێمە پارێزگارمان لابرد، زەوی و ئاڵامان گەڕاندەوە، خەڵک بەمە دەزانێت، دەچیتە هەر ماڵێک ئەوەندە بە فراوانی پێشوازیت لێدەکات هەست دەکەیت ئەوەی لەبەرچاوە، کە دوێنێ کەرکووک هیچی بۆ نەدەکرا و خزمەتگوزاری ئێمەشی لەبەرچاوە. ئەم شارە مەترێک کۆنکرێتی بۆ نەدەکرا تاوەکو ئێمە چووینە بەغدا رەزامەندی سەرۆکوەزیرانمان هێنا کە ئەمانە زێدەڕۆ نین؛ دەستمان بە پڕۆژە کرد و سەتان مەتر کۆنکرێتمان بۆ گەڕەکەکانی پەنجە عەلی، بارووتخاتە و گەڕەکەکانی دیکە جێبەجێ کرد، لەکاتێکدا راکان [جبووری پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک] هەوڵی دەدا نەکرێن، بەڵام راکانیشمان لادا. خەڵک ئەمانەی لەبەرچاوە و لە دەرەوەی بازنەی تەسکی حیزبایەتی هەمیشە چاوی لە پارتییە، پارتی لە هەرکوێ بێت ئەوان زیاتر هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن. پێشوازی خەڵک زۆر گەرەیە لە پارتی.
ئومێدی تەواومان بە دڵسۆز، کادر و لایەنگران و ئەو پاشخانە گەورە نەتەوەییە هەیە کە رابەری رۆحیمان بارزانی نەمر و هەروەها جەنابی سەرۆک بارزانی و خۆشەویستی جەنابیان بۆ خەڵک و خاکی کەرکووک دروستیان کردووە، زۆر بە گەورەیی لەلایەن کەرکووکییەکانەوە تەماشا دەکرێت بۆیە ئومێدمان ئەوەیە دەنگەکانمان زیاد بکات.
بە دڵنیاییەوە گلەیی هەیە، بەڵام ناگات بەوەی مەترسییەکانی رۆژی 11-11 کە رۆژی دەنگدانە لە بەرچاو نەبێت، لەو رۆژەدا وەکو کورد دەبێت ئاگاداری دوو خاڵ بین، یەک دەبێت نیوەی کورسییەکان بپارێزرێت کە شەش کورسییە، بەداخەوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کورد نەیتوانی بگاتە نیوەی کورسییەکان، کە لە 16 کورسی حەوتی بەدەستهێنا. ئامانجمان ئەوەبێت بە هەمان شێوازی کەرنەڤاڵی سەرژمێریی کورد بەشداری بکات و لە هەر شوێنێکە رۆژی دەنگدان بگەڕێتەوە و هەوڵی سەرخستنی بەربژێرانی کورد بدات، چونکە عەرەبی سوننە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر بەشداری دەنگدان دەکەن، بۆیە رێژەی شەش پەرلەمانتارەکە بپارێزین و ئەگەریش کرا بۆ حەوت کار بکەین.
هەروەها کەرکووک وەکو هەولێر، دهۆک و سلێمانی نییە، بەردەوام رکابەرییەک هەیە و پیلان لە دژی دەگێڕدرێت، پێویستمان بە پەرلەمانتارێک هەیە لەنێو بەغدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و شارەزا بێت لەوەی ئەو پڕۆژانە دێنە نێو پەرلەمانەوە چ پیلانێکە و ئامانجیان چییە لە پێشێکێشکردنی. هەموو جارێک کە لە بەغدابووین واژۆم بۆهاتووە 50 بۆ 60 پەرلەمانتار، کە خوێندوومەتەوە بینومە نێوەڕۆکێکی شۆڤێنی هەیە و رێگەمان نەداوە تێپەڕێت، لەم خولەی پەرلەماندا توانیمان جگە لە تێپەڕاندنی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای زۆر گرنگ بۆ کەرکووک و هەرێمی کوردستان، لەبابەتی هەموارکردنی یاسای شەهیدان، یاسای زیندانیانی سیاسی؛ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕ [سەردەمی دەسەڵاتی بەعس] ئەمانە هەمووی دەستکەوتی ئێمە بوو لەم خولە، بۆیە لە خولی داهاتووش چۆن بووەتە یاسا، دەبێت چاودێری حکومەت بکەین کە چۆن جێبەجێ دەکرێت. هەروەها لە پەرلەمانیش دژی هەر یاسایەک بین دژی کەرکووک و گەلەکەمان دەردەچێت.
رووداو: باسی یاساکانت کرد، بڕیاری گەڕانەوەی یاسای موڵک و ماڵ تاوەکو ئەمڕۆ جێبەجێ نەکراوە؟
شاخەوان عەبدوڵڵا، چاوەڕوانی خولی داهاتوومان نەکردووە و بەردەوام لەسەرهێڵێن. نووسراومان کرد بۆ سەرۆکوەزیران، ئەویش کردی بۆ [لایەنی بەرپرسیار] و بابەتەکە دواکەوت، مانگی حەوت نووسراوم کردەوە و سەرۆکوزیران [سوودانی] پەراوێزی بۆ نووسی و لەلایەن ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەتیان کرد بۆ ئەوەی بۆچوونیان بدەن، من سەردانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتم کرد و ئەو گوتی، ئەو نووسراوە کە بڵاوبووەتەوە لە رۆژنامە کارایە و دەبوو جێبەجێ بکرێت. گوتم ئەو قسانەی بۆ منی دەکەیت بیکە نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئێستا نووسراویان کردووە کە یاساکە کارایە. گرێبەستەکان بە ئۆتۆماتیکی بەگوێرەی مادەی دوو هەڵدەوەشێتەوە، بۆ گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان کاتی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بە ناوی عەرەبەکانەوە نەمێنێت، کە هەموو رۆژێک سکاڵا بکەن و سووپا ببەنە سەریان، ئەوە بەلای ئێمە گرنگ بووە. نووسراویشمان بۆ وەزارەتی بەرگری کردووە کە دەستبەرداری زەوییەکان ببن، چونکە دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامە هەر خۆی زەوییەکانیان لەدەستداوە، نووسراویشمان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد کە ئاراستەی کشتوکاڵی کەرکووک بکرێت، بەڵام کەسێکی زۆر شۆڤێنی ئێستا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووکە؛ ئێستاش بە شۆڤێنیانە جار جار گرێبەستی عەرەبەکان نوێ دەکاتەوە، دۆسیەی ئەویشمان رەوانەی دەستەی نەزاهە کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
رووداو: پێویست نەبوو ئەم جارە کورد لە کەرکووک هاوپەیمانێتی هەبێت؟ بۆ نەکرا؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: بەرەوەڵڵا، ئەگەر بیانوو ئەوەیە کە دوو لیست باشە، دەبوو دوو لیستی کوردستانیی هەبێت هەر کۆمەڵێک حیزبی کوردستانیی لە لیستێک بن، بۆ نەکرا، هەمووان دەزانن لە ئاستی هەرێمی کوردستان پارتی دەستپێشخەری هەبوو یەک لیست بین، کە نەکرا گوتمان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان یەک لیست بین ئەوەش نەکرا.
خۆم ئەرکی حیزبیم لە بەغدایە، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتیم ناردە لای بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین گوتم لە کەرکووکیش نەکراوە با لە خانەقین یەک دەنگ بین، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکەیان ئەوە بوو، کە گوتیان ناتوانین بە یەک لیست دەربچین. ئیستا یەک لیستی دروست نەبووە، بەڵام دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین دەنگی کورد نەفەوتێ.
رووداو: ئەوە واناکات دەنگی کورد بفەوتێ؟
شاخەوان عەبدوڵڵا: من داوام لە بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان کردووە، کە پێشبینی دەکرێت کورسییەک لە کەرکووک 25 بۆ 30 هەزار دەنگی بوێت و هەر حیزبێک نەگاتە ئەوە دەنگەکەی دەسووتێت، بۆیە ئەوانەی لەو رێژەیەدا نین باشتر وایە ئێستاش ئەندامەکانیان ئاراستە بکەن کە دەنگ بدەنە یەکێک لەم حیزبانە یان کاندیکێکی ئەم حیزبانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ