پارێزگاری هەولێر: تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بۆ 16 هەزار کەس دەکرێ

06-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێ، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری سێ شارەوانی دەستیپێکردووە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا تیروپشکیان بۆ دەکرێ کە نزیکەی 16 هەزار کەس سوودمەند دەبن.
 
رۆژی دووشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو کەسانەی مەرجیان تێدایە بەردەوامە، هەموو هەوڵێک خراوەتە گەڕ بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە و ئامانج ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە سوودمەند بن. ئێستاش ئامادەکاری بۆ تیروپشک لە سنووری سێ شارەوانی دەستیپێکردووە".
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لە دوو هەفتەی داهاتوودا تیروپشک بۆ پارچە زەوییەکانی سنووری شارەوانییەکانی کەسنەزان، دارەتوو و بنەسڵاوە دەکرێ؛ گوتیشی: "نزیکەی 16 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن."
 
تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر، تیروپشک بۆ زیاتر لە 10 هەزار کەس کراوە.
 
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەولێر 5 هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی، لە دهۆک هەزار پارچە زەوی، لە زاخۆ هەزار و 241 پارچە زەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە پێشتر سوودمەند نەببوون.
 
بڕیارەکە لە 28-05-2024 لە ژمارە 219ی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە؛ دابەشکردنەکەش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێ. سێ مەرجیش دیاریکراون کە بریتین لە: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە