بەرنامەکانی رووداو بۆ هەڵبژاردن؛ 'لە بەسرەوە بۆ هەڵەبجە'

06-10-2025
سۆران حوسێن
ئیڤێنتی رووداو بۆ ناساندنی پلانی رووماڵی هەڵبژاردن
ئیڤێنتی رووداو بۆ ناساندنی پلانی رووماڵی هەڵبژاردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا تۆڕی میدیایی رووداو، بە فەرمی بەرنامەکانی بۆ رووماڵکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو، کە لەنێویاندا پێنج بەرنامەی تایبەت هەن. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، "رووداو لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر خەڵکی کردووەتە جێگەی بایەخپێدان".
 
رێوەڕەسمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کاژێر 07:00ـی ئێوارەی دووشەممە 06-10-2025 لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا باس لەو بەرنامانە کرا، کە تایبەت بۆ هەڵبژاردن ئامادە کراون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو: رووماڵێکی سەنگینمان دەبێت
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: "رووداو لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر خەڵکی کردووەتە جێگەی بایەخپێدان؛ رووداو لە هەرێمی کوردستان زۆر نزیکە لە خەڵک، لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقیش لە خەڵک و گەنجانی ئەو پارێزگایانە نزیکبووەتەوە، ئەم نزیکبوونەوەیە لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەردەوام دەبێت".
 
لە رێوڕەسمە تایبەتەکەی تۆڕی میدیایی رووداودا، کۆنسوول و نوێنەری وڵاتان، رێکخراوەکان و لایەنە سیاسییەکان و وەزیری پێکهاتەکانی کوردستان بەشداربوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "لە کاتی ئەم بانگەشەیەدا گفتوگۆی ورد دەکەین لەسەر سیستمی دەوڵەتی عێراق، مافی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بە تورکمان و کریستیان و ئێزدییەوە، رێگەکانی گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کێشەی ناوچە دابڕاوەکان و جێبەجێکردنی مادەی 140 کە حکومەتی عێراق 18 ساڵە جێبەجێکردنەکەی دواخستووە. هەروەها گفتوگۆ لەسەر مافەکانی ژنان و مافە مەدەنییەکان و مەترسییەکانی گۆڕانە ژینگەییەکان دەکەین".
 
ئاکۆ محەممەد لە گوتارەکەیدا لە بارەی هەڵبژاردنەوە گوتی: "هەڵبژاردن ئاهەنگی دیموکراسییە، کاتێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی خەڵک بۆ حکومەت، دەسەڵات و نوێنەرەکانی. رووداو رووماڵێکی بێ رکابەری دەبێت. رووداو رووماڵێکی سەنگینی دەبێت. پێشکێشکار و پەیامنێرە سەنگینەکانی رووداو گفتوگۆ لەسەر کێشە و داواکانی خەڵک دەکەن".
 
جگە لە بەرنامە سەرەکییەکانی تایبەت بە رووماڵی هەڵبژاردنەکان، رووداو نوێترین هەواڵەکانی رۆژانە، شرۆڤە و راپۆرتی مەیدانی راستەوخۆ لە پەیامنێرانی رووداو لە سەرانسەری پارێزگاکان لەخۆدەگرێت. لەرێگەی میوانداریکردنی شارەزایان، بەربژێرەکان و سەرکردە مەدەنییەکانەوە، وڵاتەکە لە دیالۆگێکدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
 
نێوەڕۆکی بەرنامە تایبەتەکانی رووداو بۆ هەڵبژاردن 
 
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "ئەمشەو دەستپێکی فەرمیی بەرنامەکانی رووداوە بۆ هەڵبژاردنی 2025، وەرزێکی نوێی رووماڵکردنە کە هەم ئامانج و هەم شانازی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت".
 
رێباز عەلی باسی لە بەرنامەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن کرد و گوتی: "لە نێو دڵی ئەم رووماڵەدا پێنج پرۆگرامی سەرەکی هەن، هەر یەکەیان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە دەنگێکی جیاواز لە گەشتی دیموکراسیی عێراقدا بگرێتە خۆی".
 
بەڕێوەبەری بەرنامەکانی رووداو، نێوەڕۆکی بەرنامەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی بەمشێوەیە خستەڕوو:
 
- رووداوی ئەمڕۆ – هەڵبژاردن، کە لە بەغداوە بە کوردی و عەرەبی پەخش دەکرێت، دەنگی هاووڵاتییانی ئاسایی عێراق راستەوخۆ دەهێنێتە سەر شاشە، ئەوانەی زۆرجار گوێیان لێ ناگیرێت، بەڵام هەڵگری دەنگی راستەقینەی شەقامن.
 
بێستوون تۆک، شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق و زانکۆکان دەکاتە گۆڕەپانی گفتوگۆکردن، کە تێیدا خوێندکاران رووبەڕووی سیاسەتڤانان دەبنەوە، پرسیارەکانی نەوەیەکی نوێ دەخەنەڕوو و، داوای وەڵام بۆ ئەو داهاتووە دەکەن کە دەبنە میراتگری.
 
- کێ بەهێزە؟، کە بە تەواوی لەنێو شەقامەکانی شارەکاندا تۆمارکراوە، وزە و قسەی خۆش و راستگۆیی خەڵکی ئاسایی پێشاندەدات، رەنگدانەوەیەکی راستەقینە پێشکێش دەکات بۆ ئەوەی ببینین دەنگدەران چۆن بیر دەکەنەوە، هەستیان چۆنە و ئاوات بۆ چی دەخوازن.
 
- یەکەم دەنگ، بەدواداچوون بۆ دەنگدەرانی یەکەم جاری عێراق دەکات، کوڕ و کچانی گەنج کە بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن، ئەمەش ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە دیموکراسی خۆی بە بەڵێن نوێ دەکاتەوە، بەڵکو بە بەشداریکردن.
 
- بۆچی دەنگت پێ بدەین؟ دیموکراسی راستەوخۆ دەباتە لای بەربژێران، بە راشکاوی لێیان دەپرسێت، بۆچی خەڵک دەنگ بە ئێوە بدات؟ ئەم پرۆگرامە لێپرسینەوە دەخاتە ناوەندی گفتوگۆکەوە و، وەڵامی روون و راستەوخۆ دەداتە دەنگدەران.
 
بەڕێوەبەری بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە بەسرەوە بۆ هەڵەبجە، لە هەموو کۆمەڵگەیەک و بە هەموو زمانێک، رووداو لەوێ دەبێت، چیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گێڕانەوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، دڵنیایی دەدات کە هەموو دەنگێک گرنگە".
 
نوێنەرانی وڵاتان: ئازادیی میدیایی زۆر گرنگە
 
لە رێوڕەسمەکەدا، رادوو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "شەرفەندم کە لێرەم، نامەیەک بە نوێنەرایەتیی باڵیۆزی نوێی ئەورووپا دەگەیێنم. هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بەردی بناخەی هەموو کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانە، ئەمە نەبێت هیچ وڵاتێک بەهێز نابێت".
 
رادوو بوتوم ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، هەرچەند کاتەکەی دواکەوتووە، بەڵام جێگەی رەزامەندی وڵاتان و یەکێتیی ئەورووپا بووە. گوتیشی: "ئاگادارین هێشتا پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە، هێشتا چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە. ستایشی هاووڵاتییە کوردەکان دەکەین کە لە هەڵبژاردندا بەشداربوون".
 
بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر گوتی: "هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم لە کاتێکدایە، ناوچەکە و هەموو جیهان بە کاتێکدا سەختدا تێدەپەڕن، رۆڵی میدیا و رۆژنامەڤانان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە، یەکێتی ئەورووپا هەڵوێستی لەگەڵ ئازادی رادەربڕیدایە، پێمانوایە رۆژنامەڤانێک هەست بە پارێزراوی بکات و کارەکەی بە باشی دەکات، دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، ئازادی میدیا هەبێت کۆمەڵگەکان بەهێزتر دەبن".
 
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر گوتی، راپۆرتی تایبەتیان هەیە و ئاراستەی هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەورووپای دەکەن، بە گوتەی ئەو، "راپۆرتەکان چوار بنەمایان هەیە یەکێکیان ئازادی میدیایە، هەڵسەنگاندەکان باش نەبن بێگومان سزای بەدوادا دێت؛ چاودێری ئەو هەڕەشانەش دەکەین کە لەسەر میدیا هەن".
 
رادوو بوتوم بە گرنگەوە باسی رووماڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ هەڵبژاردن کرد و گوتی: "لە پرۆسەی هەڵبژاردندا رووداو بەشدارییەکی زۆر گرنگی هەبووە لە رووماڵی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرنج بخەنە سەر بەربژێرە ژنەکان، سوپاسی رووداو دەکەم".
 
هەروەها یان برێم، کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "زۆر دڵخۆشم لێرەم؛ بیرمە ساڵی پار هەمان بۆنەمان هەبوو بۆ باسکردنی پلانی رووداو بۆ رووماڵی هەڵبژاردن، بۆ ئێمە ئەم ساتە گرنگە کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە، دیپلۆماتکارەکان چاودێریی پڕۆسەکە دەکەن".
 
یان برێم گوتیشی، "ئەم هەڵبژاردنەی عێراق هەنگاوێکە بۆ سەقامگیرتربوونی عێراق، ئێمە ئەوەمان پێ باشە ئەم وڵاتە سەقامگیربێت بۆ هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 
کۆنسوولی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی میدیا کرد و گوتی: "بێگومان میدیا رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە هەڵبژارندا، پێدانی دەرفەت بە هاووڵاتییان کە بۆچوونیان دەرببڕن گرنگە. میدیاکان ئەو دەرفەتەیان هەیە دۆخەکە شیبکنەوە. لە رێگەی میدیاوە بوار بۆ رووبەڕوونەوەی ئاشتیخوازانەی بیرۆکەکان هەیە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.