رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 720 یەکەی نیشتەجێبوون لە عەینکاوە بۆ کرێنشینانی کریستیان دروست دەکرێت و لە یەکشەممەوە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتنی شوقەکان پڕبکەنەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەبەرهێنەر هاتووەتە پێشەوە بۆ دروستکردنی 720 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کریستیانەکانی عەینکاوە".
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، یەکەکان هەر لە سنووری قەزای عەینکاوە دروست دەکرێن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "زۆرینەی یەکەکان بۆ خێزانەکان کریستیانەکان دەبن و بەشێکیش بۆ سینگڵ تەرخان کراوە".
لەبارەی چۆنێتی پارەدانی یەکەکان بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "بە قیستی درێژخایەن دەبێت بۆ ماوەی 12 ساڵ، هەروەها پێشەکیی کەمییان دەبێت، هەر مەترێکێش بە 450 دۆلار دەدرێتە کریستیانەکان".
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، یەکەکان بەشێوەیەکی مۆدێرن دروست دەکرێن، جەختیشی کردەوە: "لە دوو ساڵی داهاتوودا هەموو یەکەکان تەواو دەبن و رادەستی کرێنشینان دەکرێن".
قەزای عەینکاوە لە پارێزگای هەولێر، گەورەترین قەزای کریستیاننشینە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ