هێمن میرانی: لە ماوەی بانگەشەدا لە هەولێر دەست بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلدا گیراوە

06-10-2025
شیراز رەئوف
هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەم چەند رۆژەی سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن دەیان ئۆتومبێل لە هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە کە پێشێلکاریی رێنماییەکانیان کردووە. راشیگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێک لەکاتی بانگەشە تابلۆکەی بشارێتەوە یان ببێتە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانییان دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
د. هێمن میرانی،  بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی زۆریان لەگەڵ هەڵبژاردن هەیە و هەمووان پێکەوە کاردەکەین تاوەکو چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن کەمترین تێبینییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دایە بانگەشەکاران و گوتی: "رێگەنادرێت کەژاوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ببنە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانییان و رێکارە ئەمنییەکان لەسەر بانگەشەکارانی هەموو لایەنە سیاسییەکان وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت بەبێ جیاوازیی و پێش هەموویان بانگەشەکارانی پارتی دیموکراتی کوردستان."
بە گوتەی میرانی، تەنیا لەم چەند رۆژەی سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن، تیمەکانی پۆلیس و هاتووچۆ دەستیان بەسەر دەیان ئۆتۆمبێل گرتووە کە سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆیان کردووە، یان بوونەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ و بێزارکردنی هاونیشتمانییان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.
ئەو گوتانەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە 06-10-2025 لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایانگەیاند ''لیژنەی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەپێناو پاراستنی مافی ئازادیی دەنگدان، وێنەگرتن، بەکارهێنانی مۆبایل و بردنەژوورەوەی کامێرا بۆ تۆمارکردنی دەنگ، قەدەخەیە.''
  
سەبارەت بە داپۆشینی جام و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ''سەرپێچییەکی گەورەی هاتووچۆیە و هەندێکجار دەچێتە خانەی تاوان، چونکە دەکرێت بە ژمارەیەکی داپۆشراوەوە، تاوان بکرێت.''
هەر لەبارەی سەرپێچییەکان بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "هیچ لایەنێکی سیاسیی رێگەپێدراو نییە کە بانگەشەکەی بکاتە هۆکارێک بۆ نانەوەی کێشە و دروستکردنی گرفت و بێزاریی بۆ هاونیشتمانییان و رێگریی لە سەرپێچی و کاری نایاسایی و رێگریی لە بێزارکردنی هاونیشتمانییان بە مانای رێگریی نییە لە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن."
هێمن میرانی گوتیشی: "هەر گوتارێکی هەڵبژاردن ببێتە هۆی مەترسیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیان، ئەوا ئەو لایەنەی گوتارەکە ئاراستە دەکات راستەوخۆ دەخرێتە بەردەم لێپێچینەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و تاوەکو ئاستی دوورخستنەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت" 
بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە