رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، ئەم ساڵ 550 هەزار تۆن بەرهەمی پارێزگاکەیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "پەتاتە، تەماتە و پیاز زیادی کردووە و دانەوێڵەش 30٪ کەمی کردووە."
رۆژی دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەید هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانییەوە هەندێک بەرهەم کەمی کردووە، وەک دانەوێڵە کە بەراورد بە پار30٪ کەمی کردووە، بەڵام هەندێک بەرهەمی دیکە وەک پەتاتە، تەماتە و پیاز زیادیان کردووە."
بەشی زۆری دانەوێڵەکانی وەک گەنم و جۆ بۆ سەوزبوونیان پێویستی زیاتر بە 300 ملیمەتر بارانە، بەشێوەیەکی یەکسان و چەند رۆژ جارێک بێت، نەوەکو بڕێکی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا.
بە گوتەی سەید هێمن سەید موراد، ساڵانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێ؛ گوتیشی: "50٪ی ئەو بەرهەمە لە پارێزگای هەولێر بەرهەم دەهێندرێ،کە ئەم ساڵیش بەرهەمەکەی زیادی کردووە."
ساڵی رابردوو 750 هەزار تۆن بەرهەم لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردرابوو. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "ئەم ساڵ 550 هەزار تۆن سەوزە و میوە بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئەو ناوچانە نێردراون و پرۆسەکە تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێ."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "هەموو ساڵێک لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان، هاوردەکردنیان لە دەرەوە قەدەخە دەکرێ."
وەرزی بارینی رابردوو، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە دەشتی هەولێر، کەرکووک، بەشێک گەرمیان و بەشێکی دهۆک وشكەساڵی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ