محەممەد شوکری: تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان پێویستی بە زیاتر لە 300 ملیار دینارە

06-10-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن لە پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامە، بەڵام تەواوکردنیان پێویستی بە بودجەیەکی زیاتر لە 300 ملیار دینارییە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025 د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون تەواوکراون و دراون بە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش، بەشێکیان تەواوکراون و دراون بە ماڵباتی شەهیدی شەڕی داعش.
 
لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ تەواوکردنی یەکەکان
 
د. محەممەد شوکری گوتی، کارکردن لە یەکەکانی نیشتەجێبوون نەوەستاوە، بەڵام بودجەی پێویست لەبەردەست نییە، بۆ تەواوکردنیشی لیژنەیەکی باڵا پێکهێندراوە.
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، هەوڵدەدرێت ئەو یەکانەی 50%یان تەواوکراون، تەواو بکرێن و ئەوانەشی دەستپێنەکراون، دەست پێ بکرێن، ئێستا یەکەکان لەنێوان 5 بۆ 95%ی کارەکانیان کراون.
 
ژمارەی یەکەکان، 9004 یەکەیە و بە قیستێکی 25 ساڵی بەسەر کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشینان دابەش دەکرێت، بەشێکیشیان بەبێ بەرامبەر دەدرێنە ماڵباتی شەهیدان.
 
نرخی یەکەکان چەندە؟
 
نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەگەر ناوەندی هەولێر بە نموونە وەربگیرێت لەگەڵ دەشتی هەولێر، جیاوازە و قیستەکانیش لەنێوان 150 هەزار بۆ 170 هەزار دینارە.
 
یەکەکانی نیشتەجێبوون بەم شێوەیە دابەشکراون: 1356یان لە هەولێرن، لە سلێمانی 3876، لە دهۆک 2116، هەڵەبجە 192، لە ئیدارەی گەرمیان 360 یەکە، راپەرین 420 یەکە، زاخۆ 324 یەکە و سۆران 360 یەکەن.
 
رۆژی 8ی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی، "بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2012ی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە،" تاوەکو 01-02-2024 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو.
 
جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە