سەرۆک بارزانی: نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەکو من و ئیدریس بارزانی دەبن

06-11-2022
هیدایەت جان
کۆتا وێنەی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆنگرەی 14ی پارتی
کۆتا وێنەی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆنگرەی 14ی پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لە گوتاری کۆتایی کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، "من و ئیدریس بارزانی وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند" و داوای لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کرد ئەوانیش ئەو وەسیەتە جێبەجێ بکەن.

لە بەشێکی گوتارەکەیدا دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی حیزبەکەی، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی لە وەسیەتی بارزانی بۆ خۆی و ئیدریس بارزانی کرد و گوتی، "من و کاک ئیدریس، ئەو برا گەورەی منە، بە دڵ و گیان وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند. ئەو رۆژەش کە من نێچیرڤان [بارزانی]م پێشنیار کرد و ئەویش مەسرور [بارزانی]ی پێشنیار کرد، ئەمە پەیامێکی روون و ئاشکرایە کە ئەوانیش وەکو من و ئیدریس [بارزانی] دەبن. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم و هەمان ئەو وەسیەتەیان بۆ دەکەم کە بارزانی لە من و ئیدریس [بارزانی]ی کرد."

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان سەرکەوتین، هەمووتان سەرکەوتن، بەربژێرەکان هەموو سەرکەوتوون، مادام حیزبەکەتان سەرکەوت، کۆنگرە سەرکەوت، سەرکەوتنی هەموومانە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئەوەی خستەڕوو، "خەلەلێکی گەورە هەیە و دەسەڵاتم پێبدەن چارەسەری دەکەم. دەبینم هیچ برا یاخود خوشکێکی ئێزدی لەنێو لیستەکەدا نییە و ئەمەش دەبێت راستبکرێتەوە."
 
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆتایی کۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆک:
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
سوپاس بۆ خوای گەورە، بۆ ئەم سەرکەوتنە گەورەیە.
 
سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست کە بە دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا کۆنگرەکەتان سەرکەوێت و شوکر بۆ خودا سەرکەوت.
 
بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆن و دادوەرەکان بکەم کە بەڕاستی زۆر زەحمەتیان کێشا و لەژێر چاودێریی ئەوان پرۆسەی دەنگدان ئەنجامدرا و بۆ ئێمە شانازییەکی گەورەیە کە ئەوان شاهێدی شەفافیەت و دیموکراتیەتی ئەم هەڵبژاردنە دەدەن.
 
بەداخەوە ئەو شێوەیەی پێشتر دەنگی پێدرا بۆئەوەی دەنگی پێبدەین، کە شێوازی ئەلیکترۆنی بوو، سەرکەوتوو نەبوو، خۆم چوومە چوار وێستگە تاوەکو دەنگ بدەم و نیو کاژێرم پێچوو، دواتر حاکمەکان و کۆمیسیۆن بڕیاریاندا؛ ئەگەر بەردەوام بووبا، رەنگە تاوەکو ئەمڕۆش دەنگدان تەواو نەبووبا، لەبەر ئەوە ئەو شێوەیان هەڵبژارد کە دوێنێ دەنگی پێدرا، چونکە زۆر رێکوپێکتر و شەفافتر بوو و کەسیش گلەیی ناکات. ئەوەش وانەیەک بوو و باش بوو بۆ ئێمە. هەرچەندە لە سەرەتاوە بۆچوونی من ئەوە بوو کە ئێمە ئەو ئامێرانە بەکارنەهێنین، چونکە هێشتا فێر نەبووین و دووهەمیش ئەگەر هەیە بۆ ئەوە بشێت کە تانەی لێبدرێت. شوکر بۆ خوا کە بەم شێوەیە کۆتاییهات.
 
هەڤاڵان ئێستا کاتی هیمەتە، کاتی ئەوەیە دەست بدەنە ناو دەستی یەک و هەمووتان بە بیروباوەڕێکی پۆڵایین هیمەت بکەن و خزمەتی پارتەکەتان بکەن و خزمەتی گەل و نیشتمانەکەتان بکەن. هەموومان سەرکەوتین، هەمووتان سەرکەوتن، بەربژێرەکان هەموو سەرکەوتوون، مادام حیزبەکەتان سەرکەوت، کۆنگرە سەرکەوت، سەرکەوتنی هەموومانە. هەمووتان خوشک و برای یەکدین و هەمووتان کوڕ و کچی ئێمەن.
 
کەس زیاد نییە لەم حیزبە، هیچ کەسێک لە هەر پلە و پۆستێک بێت، هەرکەسەو دەتوانێت خزمەتی حیزبەکەی و نیشتمانەکەی بکات. لێرە نا لەوێ، لەم شوێنە نا لە شوێنێکی دیکە. لەبەرئەوە تکاتان لێدەکەم کەس دڵگیر نەبێت و حیزب حیزبی خۆتانە و ئێوە کوڕی ئەم حیزبەن. ئەمڕۆ برایەک یان خوشکێکی تۆ لەم شوێنەیە، سبەی تۆ دێیتە ئەو شوێنە، لەبەرئەوە دەبێت بە گیانێکی برایانە و پاک و بێگەرد، هەموو بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆتان و بە دڵێکی خۆش و فراوان پشت بە خودا.
 
هەندێک لایەن ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دروستکردبوو، نازانم ئێستاش ماوە یاخود نا، بەڵام بە تەمای ئەوە بوون کە پارتی لەت لەت دەبێت و ئیدی وەکو خەرتەلی لاشە دێن و هەریەکەو بۆ خۆی پارچەیەک لە پارتی دەبات، وای بۆ چووبوون. نازانم ئێستا جارێکی دیکە سەرەخۆشییان لێ بکەم یان چییان پێبڵێم.
 
هەڤاڵان من دەبینم بۆشایی گەورە هەیە و داواتان لێدەکەم دەسەڵاتی ئەوەم بدەنێ ئەو بۆشاییە چارەسەر بکەم. من دەبینم برایەک یان خوشکێکی ئێزدی لەناو لیستەکەدا نییە، ئەوە بۆشاییەکی گەورەیە و دەبێت پڕبکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر زۆر لەگەڵ پەیڕەویش نەگونجێت، ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ ئێمە ئەو بۆشاییە راست بکەینەوە، چونکە سەربەرزییە بۆ پارتی، سەرکەوتنە بۆ پارتی و سەرکەوتنە بۆ گەلی کوردستان. دەتوانم بڵێم ئێوە رازین و ئەو دەسەڵاتەم دەدەنێ؟
 
[تێکڕای ئامادەبووانی هۆڵی کۆنگرە: بەڵێ]
 
یەک دنیا مەمنوونی ئێوەم. هەڤاڵان، من جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە بۆ بابەتێکی زۆر گرنگ، بەبیر خۆم و ئێوەش دەهێنمەوە، جارێکی دیکە وەسیەتی بارزانی بۆ من و کاک ئیدریس. من ئەو رۆژە تۆزێک بە دوورودرێژی باسم کرد، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من و کاک ئیدریس، ئەو وەکو برا گەورەی من، بە دڵ و گیان وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند. ئەو رۆژەش من نێچیرڤانم پێشنیاز کرد و ئەویش مەسروری پێشنیاز کرد، ئەوە پەیامێکی روون و ئاشکرایە کە ئەوانیش وەکو من و ئیدریس دەبن. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم و هەمان ئەو وەسیەتەی بارزانی لە من و ئیدریسی کرد، منیش لەوانی دەکەم و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لێدەکەم و ئومێدیشم زۆرە دەتوانن بەکەڵکی هەم خانەوادەی ئێمە و هەم بە کەڵکی حیزبەکە و میلـلەتەکەش بێن. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم.
 
زۆر سوپاسی لوتفی ئێوە دەکەم، پەیامی ئێوە لە شێوەی دەنگدانتان تێگەیشتم. وا نییە بڵێین ئێمە لە خەڵکی دیکە باشتر بین یان زاناتر بین، بەڵام رێزگرتنە لە مێژووی بنەماڵەی ئێمە و خەباتی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا.
 
زۆر لە ئامادەبووان و ئەندامانی کۆنگرە راستییەک هەیە رەنگە نەیزانن، لە ساڵی 1905 و 1906 و ئەو سەردەمە، شێخ عەبدولسەلام رۆژهەڵاتناسێکی بەریتانیی بینیوە بەناوی ڤیگرام، ئەو لە کتێبەکەی خۆیدا گێڕاویەتیەوە و دەڵێت، داوای لە من کرد ئاسانکاریی بۆ بکەم بۆئەوەی سەردانی لەندەن بکات، ئەوکات سەردەمی مەلیک جۆرجی پێنجەم بوو، باپیری شاژن ئیلیزابێس کە پێش ماوەیەک وەفاتی کرد. دەڵێت، لێمپرسی، یا شێخ چ کارت هەیە، بۆ دێی بۆ لەندەن؟ گوتی، من دەمەوێت بێم باسی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ مەلیکی بەریتانیا بکەم، ئەوکات کە دەگوترا رۆژ لە رۆژهەڵاتی مەملەکەتی بەریتانیا هەڵدێت و لە رۆژئاوای ئەو مەملەکەتە ئاوا دەبێت، واتە گۆی زەوی هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوو. ئەمە ئەو قوتابخانەیەیە، ئەوانەی ئێستا لێرە دانیشتووین، قوتابیی ئەو قوتابخانەیەین. پرسی رێبازی بارزانی ئەوە نییە هەر کەس جامانەیەکی سووری بەست، ئەوە بارزانییە. بابەتەکە بڕواپێبوون و بیروباوەڕە، بیروباوەڕی ئێوە رێبازی بارزانییە.
 
بابەتی جەمەدانیی سوور رەنگە نهێنییەک بێت و زۆر کەس نەیزانن. سەرەتای سەدەی رابردوو کە ئێستاش لە هەندێک شوێن، بەتایبەت ناوچەی جافایەتی و هەورامان و تەنانەت ئاکرێش ماوە، خەڵک مشکیی دەبەست کە سێ رەنگی هەبوو، رەش و سەوز و خەمری، ناوچەی بارزانیش وەکو هەموو ناوچەیەکی دیکە ئەو مشکیانەی دەبەست. وەکو بۆینباخ وابوو و هەرکەس بە حەزی خۆی رەنگێکی دەبەست. کاتێک بارزان کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەی بەریتانی و پەلاماری سوپای عێراق کە تێکیشکاند، دوای ماوەیەک بەرگری ناچاربوون بچن بۆ تورکیا، ئەوکات جەمەدانی بە رەنگی سوور و شین و رەش دەرچووبوو، جەنابی شێخ ئەحمەد جەمەدانیی سووری هەڵبژارد. لە ئەحکامی عورفی کە لە ناوچەکە دەرچوو، یەک لە یاساکان ئەوەبوو، هەر کەسێک ببینن جەمەدانیی سووری بەسەرەوەیە بیکوژن. جارێک مەفرەزەیەکی پۆلیس لە خوار گوندی بارزان تووشی مێرمنداڵێکی شوانکارە دەبن جەمەدانیی سووری بەستووە، بەو جەمەدانیەی سەری خنکاندیان و شەهیدیان کرد. خەڵکەکە پەلاماری قشڵەیان دا لە بلێ و لێیاندان و زۆریان لێ بریندار کردن، دواتر 12 کەسیان لە ناوچەی بارزان هەڵبژارد و هەر 12 کەسەکەیان رەمی کرد بۆئەوەی خەڵکەکە بترسن، ئیدی لەو رۆژەوە لە ناوچەی بارزان و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان، جەمەدانیی سوور بووە رەمزی بەرخودان و تەسلیمنەبوون و خۆ نەچەماندن. ئەوکات یەکێک لە ناوچەی بارزان جەمەدانیی سووری نەبەستبا، پێیان دەگوت، تۆ جاشی پۆلیسی. من تکایەکتان بە برایانە لێدەکەم، حوکم لەسەر رێبازی گەورە و پیرۆزی بارزان، لە سۆنگە رەفتاری ئێمەومانان، ئەم نەوەیەی ئێستەی بنەماڵەی ئێمە مەدەن.
 
کاری سەرەکی و ئەرکی قورس لەمەودوا دەستپێدەکات، دەبێت زۆر بە جیددی خەریکی رێکخستنەوەی دامودەزگاکانی حیزب بین و پشت بە خوا ئەمەش دەکەین. دەبێت زۆر بە جیددی چاودێریی کارەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە واژۆ کراوە بکەین و جێبەجێ بکرێت، ئەمەش ئیشێکی زۆری دەوێت، پشت بە خوا خەریک دەبین و لە ئاست متمانەی ئێوەدا دەبین. بەڕاستی ئێوە هیمەتتان کرد و سەری ئێمەتان بەرزکردەوە.
 
سوپاس بۆ هەموو قارەمانەکان، پێشمەرگەکان، دژەتیرۆر، ئاسایش، پۆلیس و پاسەوانی سنوور کە ئەم ماوەیە زۆر بە رێکوپێکی ئاسایشی ناوچەکەیان پاراست و نەیانهێشت هیچ ناحەز و دووژمنێک بوێریی ئەوە بکات کارێکی وا بکات ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات، زۆر سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشییان لێدەکەم و بەناوی ئێوەش سوپاسیان دەکەم.
 
سوپاسی هەموو ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە زەحمەتێکی زۆریان کێشا، چ ئەوانەی خواردنیان دروستدەکرد و چ ئەوانەی خزمەتیان دەکرد، هەموویان ماندوو بوون، زۆر سوپاسیان دەکەین. جارێکی دیکەش سوپاسی دادوەرەکان و کۆمیسیۆنیش دەکەم کە لەم دوو رۆژە زەحمەتێکی یەکجار زۆریان کێشا. سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویستیش کە بەرگەتان گرت و ئەو کارەی کە پێویست بوو بیکەن، کردتان.
 
سوپاسی جەماوەری شاری دهۆک و هەموو جەماوەری پارێزگای دهۆک دەکەم کە ئەم ماوەیە بەرگەی ئێمەیان گرتووە و میواندارییان کردین، سوپاسیان دەکەم و ئەگەر بەرتەنگییەک بۆ هەر هاووڵاتییەک لە هاتووچۆ هاتبێتە رێگە، لە ئێستاوە داوای لێبوردنیان لێدەکەم.
 
جارێکی دیکە زۆر سوپاس و سەرکەوتوو بن، سەرفراز بن و وەکو هەموو جارێک کۆتایی هەموو گوتار و پەیامێک لەبیری نەکەین و بڵێین، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەر سەرکەوتوو بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند منداڵێک 194 سکەی زیویان دۆزیوەتەوە.

لە بێستانسووری سلێمانی چەند منداڵێک بۆ قارچک دەگەڕێن و سکەی زیو دەدۆزنەوە

ماوەی 12 رۆژە لە گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پێنج منداڵی دانیشتووی گوندەکە، کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 15 ساڵدایە، لە کاتی گەڕان بەدوای قارچکدا لە دەشتەکانی دەوروبەری گوندەکە، 194سکەی زیویان دۆزیوەتەوە.