رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 6-11-2025 پشووی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەشێکیان رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێن بۆ ئەوەی بکرێنە بنکەی دەنگدان لە رۆژانی هەڵبژاردندا،بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە دەست بە گواستنەوەی کەلوپەلەکانی دەنگدان دەکرێت و چاودێریی 24 کاژێری دەستپێدەکات."
رۆژی 9-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، پشووی قوتابخانەکان لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات تاوەکو 12ی تشرینی یەکەم.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم پێداویستییەکانی دەنگدانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، ئەو مرەکەبەی نەناردووە دەنگدەر لە دوای دەنگدان پەنجەی پێ مۆر دەکات، چونکە دەنگدان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
پۆلیسی کوردستان: دەست بە چاودێریی 24 کاژێری بنکەکان دەکەین
زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدان لە 1,516 قوتابخانە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت؛ 1,312 قوتابخانە بۆ دەنگدانی گشتی و 204 قوتابخانە بۆ دەنگدانی تایبەت.
وەزارەتی پەروەردە پێشتر رایگەیاندبوو، لە 6ی تشرینی یەکەم تاوەکو 12ی تشرینی دووەم پشووی فەرمی دەبێت لە هەموو قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 6-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەی باڵای ئاسایشەوە هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردوون، لە ئەمڕۆوە هەموو هێزەکان، پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس دەست بە کارەکانیان دەکەن، پێداویستییەکانی هەڵبژاردنیش ئێوارەی پێنجشەممە دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەکان، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئارام، پاک و بێگەرد."
لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتیی دەکات و پێکدێت لە پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە، بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن.
هەر ناوەندێکی دەنگدان لە رۆژی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت؛ بازنەی یەکەم 10 پۆلیس و ئەفسەرێک چاودێریی دەکەن، بازنەی دووەم ئاسایش و بازنەی سێیەمیش پێشمەرگە و بەرگریی فریاکەوتن چاودێریی دەکەن.
جیا لەو سێ بازنە ئەمنییە، لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن چاودێریی ئەمنیی دیکەی لە دەرەوەی بنکەکان بۆ هەر رووداوێك داناوە بۆ پاراستنی خەڵک .
لیوا تاریق ئەحمەد، دەڵێت: "جیا لەو پۆلیس و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییانەی ئەرکی پاراستنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانیان هەیە، هەموو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدا دەبن،لە شەوی پێنجشەممەوە هەموو بنکە و وێستگەکان تاوەکو رۆژی دەنگدان 24 کاژێر بە بەردەوامی و بە چەند شیفتێک چاودێری دەکرێن."
دەنگدانی تایبەت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
"پارێزگاری لە 3 ملیۆن فۆرمی دەنگدان دەکرێت"
بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، 25 ملیۆن فۆرمی دەنگدان ئامادە کراون، کە زیاتر لە 3 ملیۆنیان بۆ هەرێمی کوردستانە،بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەسەر بنکەکاندا دابەش بکرێن.
فۆرمی دەنگدان لیستێکە ناو و لۆگۆی هەموو حیزب و بەربژێرە سیاسییەکانی لەسەرە، دەنگدەر بەبژێر و حیزبی دڵخوازی خۆی تێیدا هەڵدەبژێرێت، کۆمیسیۆن تاوەکو رۆژی دەنگدان ئەو کارتانەی دەنگدان لای خۆی دەپارێزێت.
لە 20-10-2025، 123 پاڵێتی فۆرمی دەنگدان گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان،زۆرترینیان بۆ پارێزگای سلێمانی نێردرابوو. کۆی فۆرمی گەیشتووی دەنگدان نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار فۆرم بوو.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 3 ملیۆن فۆرمی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتمەندیی پارێزراوەوە ئامادە کراون، تاوەکو رۆژی پێش هەڵبژاردن دابەش ناکرێن و زۆر بەوریاییەوە دەپارێزرێن."
فۆرمەکانی دەنگدان بەپێی پێوەری تووندی ئەمنی چاپ کراون و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە؛ لەوانە لەبەرناگیرێنەوە، نیشانەی ئەمنیی شاراوەیان لەسەرە و رەنگی جیاواز، تەنیا بە ئامێر و تاقیکردنەوەی تایبەت دەدۆزرێنەوە. کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات کە "ساختە و دەستکاری ناکرێن."
زیاتر لە 21 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردن هەیە و زیاتر لە 3 ملیۆن کاخەزی یەدەگی دەنگدان ئامادە کراون.
ژمارەی ئەو فۆرمانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون:
- پارێزگای هەولێر: 1,257,650
- پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600
- پارێزگای دهۆک: 878,400
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس لە تەمەنی دەنگداندان، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەسیان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، چونکە کارتی دەنگدانیان نییە.
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد و رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆتایی دێت.
رۆژی 11-11-2025، دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ