سەرۆکوەزیران هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری کردەوە

06-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر خرایە کارەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''زۆربەی ئەو پڕۆژانەی دەستمان پێکردبوون، گەیشتوونەتە ئەنجام، ئینشائەڵڵا بۆ 10 ساڵی داهاتوو شتی زۆر گەورەتر دەکەین.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-11-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری کردەوە.
 
دوای کردنەوەی پڕۆژەکە، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمە دوا قۆناخی گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر. بێگومان خزمەتێکی یەکجار زۆری خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستان دەکات''.
 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە کرد و گوتی، ''بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو کارەکانی کراوە، لەکاتێکی پێوانەییدا توانیان لە ماوەی ساڵێکدا ئەم پڕۆژەیە گەورەیە بەپێی هەموو پێوەرەکان دروستی بکەن  و سەرجەم ئەو شارەزایانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابووە ئەمە کاری سێ ساڵ و زیاتریشە.''
 
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێکراوە. مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''هەمووی بە هێز و توانای ناوخۆیی کراوە، جێگەی شانازییە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی توانیویەتی ئەم پڕۆژەیە گەورەیە جێبەجێ بکات''.
 
20ـی تەمموزی ئەم ساڵ هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە کرایەوە و ئاوی گەیاندە ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر. سەرۆکی حکومەت دەڵێت، ''تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتوو لە پڕۆژەکەدا بەکارهێنراوە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو، کە خەڵک بتوانێت سوودی لێوەربگرێت.''
 
هێڵی دووەمی ئاو دەگەیێنێتە نێو و دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر، لەوانە بەحرکە، گردجووتیار، سێبەردان و چەندین گەڕەک و گوندی سنوورەکە. مەسرور بارزانی ئاماژەی دا، ''هیوامان ئەوەیە کوردستان بە هەموو سێکتەرەکانیەوە پێشبکەوێت. ئەم ساڵ زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە ماوەیەکە دەستمان پێکردوون، گەیشتوونەتە ئەنجام و ئینشائەڵڵا بۆ 10 ساڵی داهاتوو شتی زۆر زۆر گەورەتر دەکەین.''
 
بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو لە سلێمانیش جێبەجێ بکرێ، کە بە پشت بەستن بە ئاوی زێی بچووکەوە، توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێ. سەرۆکوەزیران ئاماژەی دا، ''پەیوەندیی پتەوی کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی لە هەولێر هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆژەکە بووە، هیوادارم لە سلێمانیش ئەو کۆمپانیایانەی دەستنیشان دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، ئەوانیش بتوانن لەکاتێکی زوودا پڕۆژەکەیان بە ئەنجام بگەیێنن.''
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت. پڕۆژەکە کێشەی کەمیی ئاو لە هەولێر بۆ 30 ساڵ چارەسەر دەکات.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی ناوچەکانی خەبات و کۆیە لە داهاتوودا گوتی، ''هیوادارین خودا دەرفەتمان پێبدات و بتوانین هەموو پڕۆژەیەک کە لە خەیاڵماندایە بە ئەنجامیان بگەیێنین، بەڵام تواناکانیش سنووردارن، بەتایبەتی لەو ماوەیەدا کە بە شێوەیەکی زۆر مەبەستدار دژایەتیی ئێمە کرا لەڕووی سنووردارکردنی ئیمکانیاتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.''
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''بەپێی توانا، بەردەوام دەبین لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هەموو شار، شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان ئینشائەڵڵا.''
 
مەسرور بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا داوا لە خەڵک دەکات، لە بەکارهێنانی ئاو و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا زێدەڕۆیی نەکەن، ''چونکە ئەمە هەر بۆخۆیانە و ئەگەر دەست بە ئاو و کارەباوە بگرن، دەتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر و بە شێوەیەکی باشتر لێیان سوودمەند بن.''
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێکرا و لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێ.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە