تانە لە ئەنجامی بەرایی نادرێت؛ 'سێ رۆژ بۆ تانەی ئەنجامی هەڵبژاردن دانراوە'

06-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بۆ ماوەی سێ رۆژ تانە وەردەگیرێت و تەنیا دەستەی دادوەری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەیە.
 
رۆژی 9ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی 11ـی هەمان مانگ هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و 24 کاژێر دوای هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت.
 
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێک دوای هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنرێت، دوای ئەوە حیزب و لایەنە سیاسییەکان سێ رۆژیان هەیە و دەتوانن تانە لە ئەنجامەکان بدەن، دوای تانەکان، دەستەی دادوەری، کە لە سێ دادوەر پێکدێت، بڕیاری لەبارەی تانەکان دەدات."
 
نەبەرد عومەر، گوتیشی: "ئەگەردەستەی دادوەری تانەکانی رەتکردەوە و واژۆی لەسەر پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کرد، ئەوا ئەنجامەکان قبووڵ دەکرێن و هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوو ناودەبرێت، بە هیچ شێوەیەکیش هەڵناوەشێتەوە."
 
بە گوتەی نەبەرد عومەر، هەر لایەنێک دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بەڵگەی هەبوو لەسەر راستنەبوونی ئەنجامەکان، دەتوانێت پێشكەشی بکات،بەڵام تانە لە ئەنجامە بەراییەکان نادرێت.
 
دەنگدانی تایبەت لە 9-11-2024 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2024 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە