ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە ساڵی 2025دا 53.25 ملیۆن یۆرۆمان لە گەشەپێدانی عێراق خەرجکردووە

54 خولەک له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
A+ A-

ڕووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووریی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەڵمانیا لە ساڵی 2025دا، 53.25 ملیۆن یۆرۆی بۆ مەبەستی هاوکاریی مرۆیی بۆ عێراق دابین کردووە. سەبارەت بە پشکی ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش، وەزارەتەکە گوتی کە ئەوان لەو ناوچەیەدا بە چەندین پڕۆژە "چالاکن".
 
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووریی ئەڵمانیا لە ئیمەیڵێکدا وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە سەبارەت بە دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ بەغدا و پشکی ئەوان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
 
نووسینگەی وەزارەتەکە سەبارەت بە بڕی هاوکارییە داراییەکان بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: "لە چوارچێوەی هاوکاریی گەشەپێدان لەگەڵ عێراق، لە ساڵی 2025دا بە گشتی 53.25 ملیۆن یۆرۆ دابینکراوە."
 
پرسیارێکی دیکە ئەوە بوو، ئایا لەو پارەیەی بۆ دەوڵەتی عێراق بە مەبەستی هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان دەنێردرێن، چەندی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و ناوچە ئێزدینشینەکان تەرخان دەکرێت.
 
بە گوتەی وەزارەتەکە، ئەڵمانیا تەنیا بە پڕۆژەی جیاواز لەوێ هاوکاریی خەڵکی قەزای شنگال دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "لە پرۆژەکانی ئێستای وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا (BMZ) لە عێراق، ژمارەیەکی زۆری پرۆژە لە نێویشیاندا لە قەزای شنگال چالاکن. لە گرنگترین چالاکییەکان، پشتگیریی دەروونی-کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی سەرچاوەکانی بژێوی (بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ دا)، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە بنەڕەتییەکان و دروستکردنی خانوبەرەش هەن."
 
دوای ئەوەی داعش لە 14ی ئابی 2014دا کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکانی شنگال ئەنجامدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا ئەو تاوانەی وەک جینۆساید ناساند.
 
لەو کاتەوە حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیریی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەکات، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان. بەرلین هەروەها لە رێگەی رێکخراوە حکومییەکانی وەک کۆمەڵەی هاوکاریی نێودەوڵەتی (GIZ)، پڕۆژەکانی وەک چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووریی بۆ رووداو :
 
رووداو: لە ساڵی 2025دا چەند هاوکاریی گەشەپێدان و هاوکاریی مرۆیی بۆ عێراق نێردراوە؟
 
وەزارەتی ئەڵمانیا: لە چوارچێوەی هاوکاریی گەشەپێدان لەگەڵ عێراق، لە ساڵی 2025دا بە گشتی 53.25 ملیۆن یۆرۆ دابینکراوە.
 
رووداو: پشکی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە ساڵی 2025دا چەند بوو؟
 
وەزارەتی ئەڵمانیا: لە پڕۆژەکانی ئێستای وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا (BMZ) لە عێراق، ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە لە نێویشیاندا لە قەزای شنگال چالاکن. لە گرنگترین چالاکییەکان: پشتگیریی دەروونی-کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی سەرچاوەکانی بژێوی (بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ دا)، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی و دروستکردنی خانوبەرەش هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناسر رەزازی و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی. وێنەکە لە هەژماری فەرمی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە

ناسر رەزازی: پێویستە 'کۆڕی زانیاری' بۆ پاراستنی زمانی کوردی دروست بکرێ

هونەرمەندی بەناوبانگی کورد ناسر رەزازی دەڵێ، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەک کەموکوڕی، زمانی کوردی لە ئاستی زمانە جیهانییەکاندایە. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێ، بۆ پەرەپێدانی زیاتر، پێویستە زمانەکە بخرێتە نێو ژیریی دەستکردەوە و بەکاربهێنرێت.