25 کۆچبەری دیکە لە لیبیاوە بۆ هەولێر گەڕێندرانەوە

06-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ 25 کۆچبەری عێراقییان گەڕاندووەتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی ئەو وڵاتە عەرەبییەی باکووری ئەفریقا. 
 
کۆچبەرەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەعیتیقە لە تەرابلوسەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێکەوتوون. باڵیۆزخانەکە هەروەها هۆشداری دەداتە گەنجانی عێراق کە فریوی قاچاخچییەکان نەخۆن. 
 
دکتۆر ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بە رووداوی رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی 25 کۆچبەر کە بەشێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی لیبیاوە.
 
سەحاف لەکاتی ماڵئاواییکردن لە کۆچبەرەکان، پێش بەڕێکەوتنی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بەرەو هەولێر رایگەیاند، هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکە لەسەر راسپاردەی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بووە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە"دا کە باڵیۆزخانەکە "بەردەوام کار بۆ سەرخستنی دەکات".
 
سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، لەوەتەی باڵیۆزخانەی عێراق لە نیسانی 2023 لە تەرابلوس دووبارە کراوەتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 کۆچبەریان گەڕاندووەتەوە. جەختیشی کردەوە، باڵیۆزخانەکە خواردن و دەرمانی بۆ کۆچبەرەکان دابینکردووە و رێگەی پێداون بەشێوەیەکی بەردەوام پەیوەندی بە کەسوکاریان بکەن.
 
پێشتر سەحاف رایگەیاندبوو، باڵیۆزخانەکەیان بەردەوامە لە بەدواداچوون و هاوئاهەنگی لەگەڵ دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی لیبیا، بەتایبەتی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی لە تەرابلوس.
 
باڵیۆزخانەی عێراق چەندین جار هۆشداریی داوە لەوەی گەنجانی عێراق خۆیان لە کاری قاچاخچییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بپارێزن.
 
سەحاف بۆ رووداوی روونکردەوە، هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکە چڕکراونەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی 12 کۆچبەری دیکە کە لەم کاتەدا لە پارێزگای میسراتەن، کە نزیکەی 250 کیلۆمەتر لە تەرابلوسەوە دوورە. باڵیۆزخانەکە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە، تیمێکی کونسوڵگەریی رەوانە کردووە بۆ سەردانیکردنیان بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە