بەرپرسانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان: دۆخی بانگەشە ئارامە

06-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوایین رۆژەکانی دایە. لە هەولێر 45 پێشێلکاری، سلێمانی سێ شەش سکاڵا و لە دهۆکیش سێ سکاڵا تۆمار کراون. بەڵام بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەر سێ پارێزگاکە، دۆخی بانگەشە بە 'ئارام و بێ کێشە' ناو دەبەن.
 
لە پارێزگای هەولێر کە ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تێیدا 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا 45 پێشێلکاری تۆمار کراون، لەگەڵ تۆمارکردنی سێ سکاڵا لەسەر پێشێلکاری لە بانگەشە لەلایەن چەند لایەنێکەوە."
 
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی، "40 لە پێشێلکارییەکان لەلایەن پێشێلکارەکانەوە لابراون، بەڵام پێنجیان بە یەکی دوو ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزادران."
 
بە گوتەی مەروان محەممەد، "لە هەولێر بانگەشە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت و گرفتی ئەوتۆ نەهاتووەتە پێش."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری لەسەر بردنەوەی 18 کورسیی پەرلەمان دەکەن، 9 پارتی سیاسی و 4 بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و زیاتر لە 1,535,000 دەنگدەریش لە پارێزگاکە هەن.
 
هاوکات، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا شەش سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکانی بانگەشە تۆمارکراون."
 
ئامانج عەزیز گوتیشی، "بەشێوەیەکی گشتی بانگەشە لە سلێمانی بە ئارامی و بەبێ کێشەیەکی ئەوتۆ بەڕێوە دەچێت."
 
59 بەربژێر لە تەواوی پارێزگای دهۆک هەن و 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی راگەیاند، "سێ سکاڵا لەسەر پێشێلکاریی بانگەشە تۆمارکراون، یەکێک لە سکاڵاکان رەتکراوەتەوە و دووانیان لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت."
 
کورسیی بازنەکانی هەرێمی کوردستان
 
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 18 کورسی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
 
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم بکرێت، بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 8ـی تشرینی دووەم بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.