رووداو - هەولێر
کچێک دەڵێت لەلایەن باوکیەوە دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتەسەر. ئەو باس لەوە دەکات چەندجارێک بەر لە مەرگی دایکی و چەندجارێکیش دوای مەرگی دایکی دەستدرێژیی کردووەتە سەری. پارێزەری کچەکە دەڵێت، بەپێی پشکنینە پزیشکییەکان، دەستدرێژی کراوەتە سەر کچەکە و پارێزەرەکەی باوکیشی پێچەوانەکەی دەڵێت.
ئەو کچە بەناوی (ل. س) کە تەمەنی 17 ساڵە دەڵێت، "[باوکم] ژیانی منی وێرانکرد، بەڕاستی هیچ هیوایەکم نەما لە ژیانم. چۆن باوەڕم پێدەکەن کە بڵیم باوکم ئاوام لەگەڵ دەکات، نەمدەوێرا و دەشترسام. داوا لە حاکمان دەکەم سزایەکی قورسی بۆ دەربکەن، چونکە بەڕاستی ژیانی وا تێکدام هەتا دەمرم لە دڵم دەرناچێت".
کچەکە دەڵێت، بە باوکی گوتووە "بابە، گوناهە، خودا هەیە"، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت، باوکی پێی گوتووە "من کافر بووم.. تاوەکو هاوسەرگیری دەکەیت، ئەوە حاڵت دەبێت".
ئەو کچە هەفتەیەک دوای مەرگی دایکی، قسەکان لای کەسوکاری دایکی دەدرکێنێت. بۆ دڵنیایی کەسوکاریشی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی خۆی و باوکی تۆمارکردووە، کەسوکاری دایکیشی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە.
خزمێکی کچەکە بەناوی (س. ن) دەڵێت، باوکی کچەکە "دەڵێت بە گاڵتە ئەو شتانەم کردووە. کەس بینیویەتی بە گاڵتە وا لەگەڵ کچی خۆی بکات. [هەشت منداڵی هەیە و] هەر هەشت منداڵەکەم هێناوەتە لای خۆم. جارێک کە باوکی ئەو کارەی لەگەڵ کردبوو بە مووس دەمارێکی دەستی خۆی بڕیبوو".
بەپێی ماددەی 393 لە یاسای سزادای عێراقی، تۆمەتبار دەستگیرکراوە. رووداو پرسیاری لە مەهدی ئەحمەد، پارێزەری کچەکە کرد لەبارەی جۆری تاوانەکە و بەڵگەکان، ئەویش گوتی "بەپێی بڕگەی ئەلف و بێی ئەو ماددەیە جێبەجێ دەبێت و حوکمەکەیشی [زیندانی] هەمیشەییە. باوکی دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت، من سەد لە سەد هەڵە بووم ئەو کارەم کردووەم لە تۆمارێکی دیکەی دەنگیدا دەڵێت ئەگەر بێتو باسی بکەی زۆر خراپترت بەسەر دەهێنم. پشکنین کراوە و بەپێی ئەنجامەکانیش لەواتەی لەگەڵ کردووە و لە کۆمیەوە چووەتە لای".
پارێزەری باوکی کچەکە بەناوی سەرسام جەمیل، پێچەوانەی قسەکانی مەهدی ئەحمەد، دەڵێت "راپۆرتی پزیشکی دەرچووە و دەڵێت ئەم کچە سەلامەتە و هیچ کارێکی لەواتەی لەگەڵ نەکراوە. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ هەردوولایان، چ کچەکە و چ باوکەکە، بەنیسبەت دانپێدانانەکان، دانپێدانانەکان مەوجودە و تاوەکو ئێستا هیچ دانپێدانانێکی نەکردووە، بەڵکو نکۆڵیی کردووە کە کارێکی وای کردبێت یاخود نا".
کچەکە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات. ئەو خوشکی گەورەی حەوت منداڵی دیکەی خێزانەکەیانە، بەهۆی کاروباری ماڵەوە باوکی دوو ساڵە لە خوێندن دایبڕیوە، دوای مەرگی دایکی ئەرکی سەرپەرشتیی خوشک و براکانی کەوتووە سەر شانی. لەگەڵ خوشک و براکانی لە ماڵی خاڵێکی دەژین کە ئەویش کرێیچییە. رەنگ و روو و قسە و گفتی، پڕن لە ئازار؛ نیگەرانییەکی لێوانلێو لە نائومێدیش سەراپای ژیان و وجودی داگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ