رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجوومەنی وەزیرانی گوت، "ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە." حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین"
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک باسکراون و یەکێک لەوان ئەنجامی دوایین سەردانی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەغدا.
شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "وەکو لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی."
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراقیش دەکات کە "پشتیوانیی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تاوەکو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێت و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات و خەرجییەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێمی کوردستان كردووە.
جگە لەوەش، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان "پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لەڕێگەی رادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوانەخەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ