رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندرایەوە، رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."
ئەمڕۆ شەممە، یەکەم رۆژی کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لەلایەن (دەم پارتی)یە بەڕێوە دەبرێ لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بخایێنێت.
ئامینە زیکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسەکەدا پەیامێکی سەرۆک بارزانی خوێندەوە کە تێیدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی "وانە لە هەڵەکانی پێشوو" وەربگرن.
دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خوێندرایەوە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش و سڵاوێکی گەرم بۆ هەمووتان.
لە سەرەتادا دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی خۆم لە رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم، هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشە و پێویستییەکانی سەردەمی قۆناخی نوێ بکات.
بەڕێزان؛ دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یانیش پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی روون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن. هەموو کاتێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت.
بەڕێزان؛ لە دڵمەوە دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە دەرگایان بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی رەخساندووە، منیش لای خۆمەوە پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.
هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، بمێنن لە خێر و خۆشیدا.
سەرۆک مەسعود بارزانی
06-12-2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ