رووداو دیجیتاڵ
عەبدولئیلا هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە شەڕی نێوخۆی سووریا هەڵاتووە و لە هەولێر دەژی. چاوەڕێیە دەرچەیەک بکرێتەوە و خۆی بگەیێنێتە ئەمریکا، بەڵام سیاسەتی تووندی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کۆچبەری ئەو دەرگەیەی داخستووە.
عەبدولئیلا ئەمین داود دەڵێت، "بیر لە کچەکەم دەکەمەوە لەوێ و دڵنیام ئەویش بێتاقەتە بۆ مانەوەمان (لێرە)، واتە، ئێمە لێرەین و ئەو لەوێ و هەردوولامان زۆر دڵتەنگین .... پیاو ناتوانێ بێ هیوا بژی."
ئیبراهیمی کوڕی و ئاڤای کچی لە تشرینی دووەمی 2024 گەیشتنە ئەمریکا و مافی مانەوەیان وەرگرت.
بڕیار بوو دایک و باوک و برایەکی دیکەیان لە مانگی یەکدا بچن، بەڵام تەنیا دوو رۆژ پێش ئەوەی گەشت بکەن، حەیاتی دایکیان، لە پشکنینی پزیشکیدا لە هۆش خۆی چوو و گەشتەکەیان دواخرا.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ترەمپ ژمارەی وەرگرتنی پەناخوازانی بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی کەمکردەوە کە تەنیا 7500 کەسە لە ساڵێکدا و زۆربەیان سپیپێستی ئەفریقای باشوورن.
لوو تایژی، کریستیانێکی چینە و زیاتر لە 10 ساڵە لە تایلاند گیری خواردووە، لە قوتابخانەیەک وانەی بیرکاری دەڵێتەوە و چاوەڕێی ترووسکاییەکە پێبنێتە سەر خاکی ئەمریکا.
لوو تایژی دەڵێت، "کاتێک یەکەم جار هاتمە تایلاند، زۆر پەرۆش بووم بچمە ئەمریکا، چونکە ئەوە خەونی من بوو. بەڕاستی چاوەڕێم دەکرد؛ بەڵام دوای هەندێک کێشە، تێگەیشتم کە پرۆسەیەکی زۆر ئاسان نابێت."
دوای ئەوەی لە 26ی مانگی رابردوودا هاووڵاتییەکی ئەفغانستانی بە تۆمەتی تەقەکردن لە پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا و کوشتنی یەکێکیان، دەستگیرکرا؛
ئیدارەی ترەمپ سیاسەتەکەی تووندتر کرد، بەهۆی ئەو رووداوەوە 600 هەزار کەس کە لە پرۆسەی کۆتایی وەرگرتنی مافی مانەوە بوون، گڵۆپی سووریان بۆ هەڵکرا و بێهیوا کران؛ هەروەها هەموو رێکارێکی وەرگرتنی پەناخوازانی 19 وڵات راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ