هەسەدە دوو چەکداری داعشی کوشت

07-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دوو چەکداری داعشیان کوشتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی شەممە 06-01-2024 لە ناوچەی شەدادی لە باشووری پارێزگای حەسەکە کراوە.
 
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزەکانمان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە چڕ و وردەکانیان لە دژی شانەکانی داعشی تیرۆریست لە سەرجەم ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا خراوەتەڕوو، "لە کاتی هێرشی دوو چەکداری داعش بۆ سەر خاڵێکی سەربازیی هێزەکانمان لە گوندی سەلجەی سەر بە شاری شەدادی لە رۆژئاوای حەسەکە، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و هەردوو چەکدارەکەیان کوشت."
 
هێزەکانی سووریا دیموکرات باسی لەوەش کردووە، جگە لە کوشتنی دوو چەکدارەکە، دەستیان بەسەر چەند چەک و کەرەستەیەکی سەربازیدا گرتووە، لەوانەش، دوو چەکی کلاشینکۆڤ، دوو فیشەکدان، چەکێکی جۆری بی حەوت و ماتۆڕسکیلێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە