رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بودجەی پێویست بۆ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و بەگرێبەستکردنی وانەبێژان زانیارییان نەخستووەتەڕوو، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، جێبەجێکردنی داواکاریی مامۆستایان، مانگانە پێویستیی بە زیاتر لە 28 ملیار دینارە.
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 37 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن؛ زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆکن، پاشان سلێمانی و دواتر هەولێر و هەڵەبجە."
کۆی مووچەی وانەبێژان نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دینارە؛ کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، مووچەی وانەبێژان بە گوێرەی دەوام و بڕوانامە جیایە و لە 200 بۆ 400 هەزار دینارە. گوتیشی، "ئەگەر تەواوی وانەبێژان بکرێنە گرێبەست پێویستی بە نزیکەی 17 ملیار و 500 ملیۆن دینارە؛ واتا چوار ملیار بودجەی زیاتری دەوێت."
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 123 هەزار مامۆستای دامەزراوی هەمیشەیی هەن و مووچەیان بە گوێرەی بڕوانامە و خزمەتیان جیایە.
لە کاتی جێبەجێکردنی داواکانیان کە داوای سەرەکییان دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەیە، مووچەی هەموو مامۆستایانی دامەزراو بە رێژەی جیا بەرز دەبێتەوە؛ بەرپرسێک لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرزبوونەوەی پلەی هەر مامۆستایەک جیایە لەوی دیکە؛ بەگشتیی زیادکردنی مووچەکەی لە 100 بۆ 300 هەزار دینار دەبێت."
ئەگەر ژمارەی تێكڕای مامناوەندی بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایانی دامەزراو وەربگرین کە 200 هەزار دیناری مانگانە بێت، 123 هەزار مامۆستای دامەزراو مانگانە پێویستیان بە 24 ملیار و 600 ملیار دیناری دیکەیە بەپێی پلەکانیان.
بە گوێرەی ئەو ژمارانەی سەرەوە بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 28 ملیار و 600 ملیۆن دینار بودجەی زیاترە بۆ مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ.
ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاماژە بە یاداشتی مامۆستایان، کە ئاراستەمان کراوە، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران[ـی هەرێمی کوردستان]، رەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکات. هەروەها بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری."
لە خاڵێکی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژە بەوە کراوە، "پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکات."

بەرپرسێکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان بۆ پلە بەرزکردنەوە دەبێت یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان هەبێت و پەرلەمان پەسندی کردبێت، واتا ئەگەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت تاوەکو پەرلەمانی کوردستان یاسای بودجە پەسەند نەکات پلە بەرزکردنەوە دەستپێناکاتەوە."
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی رایانگەیاند، ئەوان لە بایکۆت بەردەوام دەبن و ناچنەوە قوتابخانەکان.
پەیامی وەزارەتی و پەروەردە، مامۆستایان و بەدواداچوونەکانی رووداو لە کاتێکدایە، نزیکەی چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 –2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
دوێنێ شەممە عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر خوێندن لەو سنوورانە دەستپێبکاتەوە کە بایکۆتیان تێدایە لە وەرزی دووەمەوە دەبێت، کە 21ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە و لە 3ـی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن بۆ پۆلەکانی 4 بۆ 11ـی دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
لەو سنوورانەی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دوانەکەوتوون.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ