رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران بەراورد بە ساڵی پێشتر بەرزبووەتەوە، ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 53 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 25 کرێکاریش برینداربوون، کە زۆرینەیان لە سلێمانی بوون، پاشان هەولێر، گەرمیان و دهۆک، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر 41 کرێکار گیانیان لەدەستدابوو.
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵی رابردوو 53 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 25 کرێکاریش بریندار بوون."
بەگوێرەی ئامارەکەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو زۆرترین کرێکار لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە کە 24 کرێکار بوون، پاشان لە هەولێر 11 کرێکار، لە گەرمیان 10 کرێکار، لە دهۆک 7 کرێکار و لە زاخۆ کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە، بە گوتەی عەبدولقادر ناوپردانی، لە هەڵەبجە و سۆران هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەستنەداوە.
لەو 24 کرێکارەکەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، 16یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و هەشتیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون. لە 11 کرێکارەکەی هەولێر شەشیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و پێنجیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون. لە گیانلەدەستدانی 7 کرێکاری دهۆک شەشیان خەڵکی نێوخۆ و یەکێکیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون، ئەو کرێکارەشی لە زاخۆ گیانی لەدەستداوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.
ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 25 کرێکار لەکاتی کارکردندا بریندار بوون، کە 13یان لە هەولێر، 10یان لە دهۆک، یەکێکیان لە سلێمانی و کرێکارێکیش لە زاخۆ بووە.
ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 41 کرێکار گیانیان لەدەستدابوو، لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران، ئەندامەکەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتی، "پابەندنەبوونی خاوەن کار و کۆمپانیاکان هۆکاری سەرەکین؛ هەروەها کەمیی لیژنەکانی پشکنینی تەندروستی و کاریش هۆکارن، چونکە ئەوان پشکنینی زیاتر بکەن کۆمپانیاکانیش ناچار دەبن پابەند ببن، دیارە ئەوانیش کارمەندیان کەمە و وەکو پێویست پێڕانەگەیشتوون."
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدستدانی کرێکاران لە هەشت ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2023: 53 کرێکار گیانیان لەدەستداە
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ