نووری شێخۆ: داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین پشتیوانیی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکات

دوێنێ کاژێر 06:04
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب رایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرش و تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر گەڕەکەکانیان، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48ـی دیکەش بریندار بوون. هاوکات داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات، بۆ رێگری لە "کۆمەڵکوژی" نفوزی خۆی بەکاربهێنێت.
 
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ماوەی چەند کاژێرێکە بە چەکی قورس، تۆپی 120 ملیم و راجیمە هێرش دەکرێتە سەر هەردوو گەڕەکەکە و راستەوخۆ شوێنی سڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکرێنە ئامانج.
 
بەگوێرەی ئامارێک کە نووری شێخۆ خستیەڕوو، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکەش بریندارن، هەروەها زیاتر لە 300 خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
 
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هێزانەی هێرش دەکەن، نووری شێخپ گوتی: "داعش، بەرەی نوسرە و گرووپە رادیکاڵەکان بە فەرمانی حکومەت هێرش دەکەن، بەتایبەتی گرووپەکانی عەمشات و حەمزات، هەروەها نوورەدین زەنکی کە راستەوخۆ فەرمان لە میت وەردەگرێت."
 
هاوسەرۆکی هەردوو گەڕەکەکە باسی لەوە کرد، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەگوێرەی رێککەوتنێک لەو گەڕەکانە کشاونەتەوە و چەکە قورسەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە، ئێستا تەنیا ئاسایش بە چەکی سووکەوە بەرگری دەکات.
 
 
نووری شێخۆ لە رێگەی رووداوەوە داوایەکی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و گوتی: "لەبەر ئەوەی 80٪ـی دانیشتووانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کوردن و رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، داوا لە بەڕێز بارزانی دەکەین نفوزی خۆی بەکاربهێنێت و کاریگەری لەسەر ئەمریکا و ئەورووپا و تورکیا دروست بکات."
 
نووری شێخۆ داواشی  لە سەرکردایەتیی باشووری کوردستان کردم پشتگیریی گەلی ئەو دوو گەڕەکە بکەن و کاریگەری لەسەر رای گشتیی ئەمریکا و ئەوروپا دروست بکەن بۆ ئەوەی رێگە لەم شەڕە بگیرێت.
 
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری، نووری شێخۆ ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 25 رۆژە حکومەت کارەبای لەسەر ئەو دوو گەڕەکە بڕیوە، رێگە بە تیمەکانی چاککردنەوە نادات و هێڵەکانی ئینتەرنێتیش پچڕپچڕن.
 
شێخۆ رەتی کردەوە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەستپێشخەریی شەڕیان کردبێت و ئاماژەی بەوە دا، حکومەت دەیەوێت بە لێدوانی رەگەزپەرستانە زەمینە بۆ هێرشکردن بڕەخسێنێت، لەکاتێکدا خەڵک لە ترسی کۆمەڵکوژی هەوڵ دەدەن ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام "بە بارمتە دەگیرێن و دەکرێنە قەڵغانی مرۆیی."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود
 
رووداو: رەوشی هەردوو گەڕەکەکە چۆنە؟ سوپا چووەتە نێو هەردوو گەڕەکەکەوە؟
 
نووری شێخۆ: سێ کاژێرە شەڕ بەردەوامە، هەموو جۆرە چەکێک بەکاردەهێنن و دژی خەڵکی سڤیل بەکاری دەهێنن. لە ئەنجامدا هەشت کەس کوژراون و 48 کەسیش بریندارن.
 
رووداو: هێرشەکان بە چ جۆرە چەکێک دەکرێن؟
 
نووری شێخۆ: بە تۆپی 120 ملیم و راجیمە دەکرێن. راجیمەی 40 فیشەکی بەکاردەهێنن، هێرشەکانیش بەردەوامن.
 
رووداو: چەند ماڵ زیانیان بەرکەوتووە؟
 
نووری شێخۆ: زیاتر لە 300 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
 
رووداو: هێرش کراوەتە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانە؟
 
نووری شێخۆ: هێرش دەکەنە سەر هەموو شوێنێک. شەڕێکی پڕ لە رق و کینەیە.
 
رووداو: کێن ئەوانەی هێرش دەکەن؟
 
نووری شێخۆ: داعش، بەرەی نوسرە، قاعیدە و ئیسلامییە رادیکاڵەکانن. هەموو ئەوانە بە فەرمانی حکومەت هێرش دەکەنە سەر ئەو دوو گەڕەکە. هەردوو گرووپی "عەمشات" و "حەمزات" هێرش دەکەن. "نوورەدین زەنکی"ـیش کە سەر بە "میت"ـە، راستەوخۆ فەرمان لە میت وەردەگرێت.
 
رووداو: رەوشی خەڵک چۆنە؟ ئایا ئاوارە بوون؟
 
نووری شێخۆ: ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود پێشتر وێران بوون، ئێستاش حکومەتی کاتی لە حکومەتی پێشوو رادیکاڵترە.
 
رووداو: ر‌ێگە بە خەڵک دەدەن بڕۆن؟
 
نووری شێخۆ: بۆ کوێ بچن؟ بە بارمتەیان دەگرن. دەیانکەنە مەرتاڵ ئەوانەی دەریش چوون، چارەنووسیان نادیارە.
 
رووداو: تۆپباران بەردەوامە؟
 
نووری شێخۆ: بەڵێ، بەردەوامە.
 
رووداو: ئاسایش چەکی قورسی هەیە؟
 
نووری شێخۆ: کە هەسەدە لەو گەڕەکانە کشایەوە، چەکە قورسەکانی لەگەڵ خۆی برد، بۆیە ئاسایش تەنیا چەکی سووکی بەدەستەوەیە، بەڵام ئیرادەیان زۆر بەهێزە.
 
رووداو: داوا لە هەسەدە ناکەن بە هاناتانەوە بێن؟
 
نووری شێخۆ: نەک هەسەدە، داوا لە هەموو کورد دەکەین هەستنە سەرپێ و پشتگیری لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو دوو گەڕەکە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبنەوە.
 
رووداو: دەگوترێت دوای رێککەوتنی ئیسرائیل و حکومەتی کاتیی سووریا ئەو هێرشە دەستیپێکردووە. بانگەوازی ئێوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە چییە؟
 
نووری شێخۆ: ئەمریکا دەوڵەتێکی گەرەنتیکارە و کاریگەریی لەسەر ئابووریی سووریا هەیە. ئەو حکومەتە دەیەوێت رای گشتی بەلارێدا ببات، گوایە ئەوان [دانیشتووان] هێرشیان کردووە. ئەمریکا دەبێت دەستوەردان بکات و خەڵک لە کۆمەڵکوژی بپارێزێت.
 
رووداو: بانگەوازی تۆ بۆ کوردان و سەرکردایەتیی کورد چییە؟
 
نووری شێخۆ: داوا لە سەرکردایەتیی باشووری کوردستان دەکەین پشتگیریی گەلی ئەو دوو گەڕەکە بکەن، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر رای گشتیی ئەمریکی، ئەورووپی و تورکی دروست بکەن و رێگە لەو شەڕە بگرن تاوەکو دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە لە کۆمەڵکوژی بپارێزن.
 
رووداو: ئێوە بانگەوازێکتان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد. ئێوە دەخوازن سەرۆک بارزانی چی بە جیهان بڵێت؟
 
نووری شێخۆ: کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهان ئازاری پێ بگات، کورد بە گشتی ئازاری پێدەگات. لەبەر ئەوەی 80٪ـی دانیشتووانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کوردن و رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بەڕێز بارزانی دەتوانێت نفوزی خۆی بەکاربهێنێت و کاریگەری لەسەر تورکان دروست بکات.
 
رووداو: ئێوە چی بە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە دەڵێن؟ ئایا دەتوانن گەرەنتییان بدەنێ کە دەتوانن بیانپارێزن؟
 
نووری شێخۆ: داوا لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە دەکەین، گوێ بە پڕوپاگەندەی دووژمن نەدەن.
 

رووداو: سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت ئێمە هێرشمان نەکردووە.

نووری شێخۆ: ئەی ئەو 8 کەسە کێ کوشتوونی؟ ئەو 84 کەسە کێ برینداری کردوون؟ کێ ئەو ماڵانەی وێران کردوون؟ هەسەدە بەگوێرەی رێککەوتنامەی 1ـی ئادار لەو دوو گەڕەکە کشایەوە و چەکە قورسەکانیشی بردە دەرەوە. حکومەت دەیەوێت گەلی سووریا لە بەرامبەر ئەو دوو گەڕەکە بە لێدوانی رەگەزپەرستانە هان بدات. دەیانەوێت زەمینە بۆ هێرشکردن بڕەخسێنن و بڵێن ئەو دوو گەڕەکە مەترسین، بەڵام ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین.
 
رووداو: کارەبا هەیە؟
 
نووری شێخۆ: کارەبای موەلیدە هەیە. زیاتر لە 25 رۆژە حکومەت کارەبای بڕیوە و رێگە بە تیمەکانی کارەباش نادەن بێنە نێو دوو گەڕەکەکە.
 
رووداو: ئینتەرنێت هەیە؟
 
نووری شێخۆ: جاروبار هەیە و جاروبار نییە.
 
رووداو: حکومەت دەڵێت خەڵک لەو دوو گەڕەکە دەڕۆن، راستە؟
 
نووری شێخۆ: ئەوانەی چۆڵ دەکەن، زیاتر میوانن. خەڵک لە ترسی کۆمەڵکوژی دەڕۆن.
 
رووداو: ئێوە چ داواکارییەکتان لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە هەیە؟
 
نووری شێخۆ: ئێمە دەبێت بە روومەتەوە بژین و بەرگری لە گەڕەکەکەمان بکەین.
 
رووداو: هیچ پەیوەندییەک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە رابگیرێت؟
 
نووری شێخۆ: ئێمە حەز لە ئاشتی دەکەین. ئێمە لە شەڕ تێر بووین، 14 ساڵە لە شەڕداین. دەبێت حکومەت بەرژەوەندیی گەلی سووریا لە سەرووی هەموو شتێک دابنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە