دەم پارتی داوای رۆڵی نێوەندگیرەکان بۆ وەستانی شەڕی حەلەب دەکات

07-01-2026
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی باڵای بەڕێوەبردنی دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕ و تۆپبارانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاوکردەوە.
 
دەم پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە 7-1-2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە شەوی رابردووەوە بە تانک، تۆپ و درۆن دەیانکاتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و هەروەها گەڕەکی بەنی زەید (کە زۆرینەی دانیشتووانی سریانیین)، تاوەکو ئێستا 7 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 46 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو هێرشانەدا گرووپەکانی (حەمزات، عەمشات، سوڵتان موراد و نوورەدین زەنگی) بەشدارن.
 
دەم پارتی دەڵێ، حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سەر بەو حکومەتە کە چەندین مانگە رێگری لە گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەکەن، بەم هێرشانەیان هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لە یەکپارچەیی سیاسی، کارگێڕیی و سەقامگیریی سووریا دەکەن.
 
هاوكات ئاماژە بەوە کراوە کە بەگوێرەی رێککەوتنی 10ـی ئادار، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نیسانی 2025دا بە چەکی قورس لە گەڕەکە کوردنشینەکان کشانەوە و پاراستنی ناوچەکەیان رادەستی ئاسایشی ناوخۆ کرد.
 
دەم پارتی دەڵێ، ئەم هێرشانەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، رێککەوتنی 10ـی ئادار و رێککەوتنەکەی 1ـی نیسان پێشێل دەکەن و دەڵێت: "هێرشەکان ژیانی زیاتر لە 200,000 کەسی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە. هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ئۆپەراسیۆنێکی لەناوبردنن و ئەوەی دەیانەوێ لەو گەڕەکانە ئەنجامی بدەن، کۆمەڵکوژییەکی گەورەترە لەوەی ویستیان لە سوەیدا دژ بە دروزەکان ئەنجامی بدەن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سووریا نیشتمانی عەرەب، کورد، دروز، ئەرمەن و هەموو ئەو گەل و پێکهاتە ئایینییانەیە کە تێیدا دەژین. دەم پارتی دەڵێت: "گرنگترین رێگە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی دۆخێکی نوێی شەڕ و پێکدادان لە سووریا، بە دیموکراسییکردنی وڵاتەکەیە. ئەرکی سەرشانی تورکیاش ئەوەیە کە پشتگیریی لە پرۆسەی بە دیموکراسییبوون بکات."
 
دەم پارتی ئەو هەوڵانە بە "قبووڵنەکراو" دەزانێت کە دەیانەوێ سووریا رادەستی دەسەڵات و عەقڵییەتێکی تاکڕۆ لە دیمەشق بکاتەوە، چونکە بە بڕوای ئەوان، ئەمە دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوون و هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ.
 
لە کۆتاییدا دەم پارتی داوا لەو هێزانە دەکات کە لەنێوان بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی دیمەشقدا رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، دەستبەجێ بەرپرسیارێتیی خۆیان وەک لایەنی گرەنتیکار جێبەجێ بکەن و رێگری لەو هێرشە سەربازییانە بکەن کە مەترسییان بۆ سەر تەواوی سووریا هەیە.
 
ئێستا شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەوانەی ونببوو

لە هۆڵەندا 17 کۆچبەر لەنێو بارهەڵگرێکدا دەستگیرکران کە زۆربەیان کوردن

کچێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی بە نایاسایی چووەتە هۆڵەندا ماوەی سێ رۆژ بوو دیار نەبوو، چالاکڤانێکی بواری کۆچبەران دەڵێت: ئەو کچە لەگەڵ 16 کۆچبەری دیکە لەلایەن پۆلیسی هۆڵەنداوە دەستگیرکراون.