رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک خێزانی کوردی ئێزدی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب رایانگەیاند، مەترسیی "قڕکردن" لەسەر 1200 خێزانی ئێزدی هەیە و داوا لە ئەنجوومەنی رۆحانی و پەرلەمانتارانی عێراق دەکەن بەهاناوەیان بچن، دەشڵێن "دەترسین سیناریۆی سوەیدا و کەناراوەکانمان بەسەردا دووبارە بێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، کوردانی ئێزدی لە سووریا لە پەیامێکی بەپەلەدا بۆ ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان لە عێراق و نوێنەرانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند: "زیاتر لە 1200 خێزانی ئێزدی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نیشتەجێن و زۆربەیان ئێستا رووبەڕووی دەرکردن، گەمارۆ و تۆپبارانی هەڕەمەکی بوونەتەوە."
لە پەیامەکەدا هاتووە: "داواتان لێدەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بکەن بۆ رێگریکردن لە هەر کۆمەڵکوژی یان کوشتنی بەکۆمەڵێک دژی ئێزدییە گەمارۆدراوەکان."
کوردانی ئێزدی هۆشداری دەدەن لەوەی بەهۆی جیاوازیی ئایینییەوە دەکرێنە ئامانج و دەڵێن: "مەترسیی دووبارەبوونەوەی تراژیدیایەکی هاوشێوەی ئەوەی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هەیە."
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە.
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، "7 هاووڵاتی شەهید بوون (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایق، خورشید عومەر (13 ساڵ)، شام دەلۆ (3 ساڵ)، حەسەن محەممەد و دووانی دیکە) و 54 کەسی دیکە بریندار بوون."
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند. وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
هەسەدە رایگەیاند، حکومەت زیاتر لە 80 تانک و زرێپۆشی هێناوە و "گەنجانی رفێندراو وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردێنێت". هەروەها، یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکێنراوە.
حکومەت گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە و هەسەدە بە "بۆمبڕێژکردنی شەقامەکان" تۆمەتبار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ