رووداو دیجیتاڵ
یوسف نەجمەدین وەسمان، گەنجێکی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی قەزای سۆرانە، لە رۆژی یەکشەممە (4-1-2026)ـەوە لەماڵ دەرچووە و بێسەروشوێنە.
سەعدی وەسمان، مامی یوسف بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، برازاکەی وازی لە خوێندن هێنابوو و هەندێکجار لەگەڵ باوکی کاری فرۆشتنی جلوبەرگی دەکرد.
سەبارەت بە وردەکاریی ونبوونەکە، مامی یوسف گوتی: "کاژێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی 4ـی مانگ لە ماڵ چووەتە دەرەوە. دوایین جار کاژێر 04:00ـی ئێوارەی هەمان رۆژ لە سەرتاشخانەیەک لە (دیانای کۆن) بینراوە."
بە گوتەی کەسوکارەکەی، یوسف لەو سەرتاشخانەیە قژی چاککردووە و مۆبایلەکەی شەحن کردووەتەوە، بەڵام دوای دەرچوونی لەوێ مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە و پەیوەندیی پێوە ناکرێت.
سەعدی وەسمان جەخت دەکاتەوە کە برازاکەی "هیچ گرفتێکی تەندروستی و کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نییە و هیچ کاتێکیش باسی رۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە."
عەقید شەماڵ دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، درەنگی شەوی رابردوو خانەوادەی گەنجەکە بە فەرمی سکاڵایان تۆمار کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتیشی: "لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران، لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەبارەی چارەنووسی ئەو گەنجە."
خانەوادەی یوسف نەجمەدین داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن، هەر کەسێک زانیارییەکی لەبارەیەوە هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان یان خێزانەکەی لێ ئاگادار بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ