رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شێخ مەقسوود دەڵێ، سوپای عەرەبیی سووریا هۆشداریی داوەتە خەڵک گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب چۆڵ بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە شێوەیەکی ''دڕندانە'' هێرش دەکرێتە سەریان، بەڵام خەڵک گەڕەکەکان چۆڵ ناکەن.
رۆژی چوارشەممە، 01-07-2026، ئازاد عەلی، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشیکرد، لەبارەی هێرشەکەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، کاژێر 14:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووبارە هێرشکراوەتەوە سەر شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید.
ئازاد عەلی باسی لەوە کرد، کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا هۆشدارییان داوەتە دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە هێرش دەکەن و پێویستە گەڕەکەکان چۆڵ بکرێن، ''بۆیە هەندێک کەس رۆیشتن، بەڵام هیشتا خەڵک لە گەڕەکەکاندا ماون.''
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان ''دڕندانە و هەڕەمەکی'' هێرش دەکەنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەوهۆیەوە زیاتر لە 45 کەس بریندار بوون.
هاوکات پشتڕاستی دەکاتەوە زیاتر لە 300 خانووی خەڵکی سڤیل رووخاون، ''ئەوان دەڵێن هێرش دەکەینە سەر هەسەدە، بەڵام نە هەسەدە، نە یەپەگە و نە یەپەژە لەو گەڕەکانەدا نین، بەڵکو راستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خەڵک.''
ئازاد عەلی ئاماژەی بە دۆخی ژیانی خەڵک کرد لە گەڕەکە کوردنشینەکان دا و گوتی، زیاتر لە 15 رۆژە کارەبای شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید بڕاوە، رێگە بە هاتنی سووتەمەنی نادرێ و هەر پێنج یان شەش رۆژ جارێکیش، ئاویان لەسەر دەگیرێتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای بەردەوامیی بۆردوومانکردن و هەڕەشەکان، ''خەڵک نایانەوێ گەڕەکەکانیان چۆڵ بکەن.''
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە؛ هەردوولا یەکدی بە دەستپێشخەری تۆمەتبار دەکەن و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ