رامی عەبدولڕەحمان: هەڵمەتێکی رەگەزپەرستی لە دژی کورد هەیە

دوێنێ کاژێر 10:27
هەستیار قادر
هەستیار قادر
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "هەڵمەتێکی رەگەزپەرستی لەدژی کورد هەیە". راشیگەیاند، "هەمان ئەو هێزانەی پێشتر لە عەفرین هێرشیان دەکردە سەر کورد، ئێستا هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانى شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە."
 
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، "ئەو گرووپانەی لە ژێر سایەی وەزارەتی بەرگریی سووریا دان، بەر لە 11 ساڵ لە عەفرین و باشووری حەلەب کوردیان دەکوشت و ئێستاش هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانى شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەو دوو گەڕەکە  پێشینەیان لەگەڵ ئەو گرووپانەدا هەیە."
 
دوو رۆژە پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو دوو گەڕەکەی شاری حەلەب بەردەوامە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە ئاوارە بوون.
 
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەوان (حکومەتی سووریا) باس لە بۆردوومانکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، بەڵام ئەوان لەوێ نین، ئەوان پێیانوایە کورد پاروویەکی ئاسانە بۆ ئەوەى قوتى بدەن، بەڵام هیچ هێزێک نییە بتوانێت کورد لە ناوچەکانیان دووربخاتەوە."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییانی کورد دەربڕی و رایگەیاند: "هەڕەشەی پاکتاوی رەگەزی لەدژی کورد لەو ناوچەیەدا هەیە".
 
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "من هاوڕای سەرۆک بارزانیم لەوەی کە هەڵمەتێکی رەگەزپەرستی لەدژی کورد هەیە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە."
 
بەهۆی ئەو گرژییەی دوو رۆژی رابردوو 12 کەس کوژراون و 81 کەسیش بریندار بوونە.
 
بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: "ئەوان (حکومەتی سووریا) رقیان لەدژی پێکهاتەکانی سووریا هەیە و خۆیان بۆ ئیسرائیل چەماندووەتەوە، لەکاتێکدا هاووڵاتیی مەدەنی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکوژن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە