رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی سیاسیی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەڵێ، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بەردەوامن و ''ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێ، مەترسیی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی خەڵک لە گەڕەکەکاندا هەیە.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-01-2026، ئەحمەد محەممەد، چالاکڤانی سیاسیی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە وارشین ساڵح پێشکێشیکرد، لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، بۆردوومان بە چەکی قورس بەردەوامە و کوژراو و بریندار هەن.
بە گوتەی ئەحمەد محەممەد کاژێر 15:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ جارێکی دیکە هێرشێکی فراوان کراوەتەوە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ''بە شێوەیەک کە ژن، پیاو، پیر و منداڵ ناپارێزن و بەردەوامی تۆپباران دەکەن.''
ئەو چالاکڤانە سیاسییە باسی لەوە کرد، ژمارەیەکی کەم خەڵکی دوو گەڕەکە کورنشینەکان بەرەو ناوچەکانی دیکەی حەلەب رۆیشتوون، ''بەڵام بەگشتی لە حەلەب دۆخەکە ئاڵۆزە، بۆیە زۆربەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە گوێرەی رێنماییەکانی هێزە ئەمنییەکان، لە ماڵەکانی خۆیاندا ماون، چونکە [سوپای عەرەبیی سووریا] بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە بۆردوومانکردن بەردەوامن.''
ئەحمەد محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا بنکەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان ئامانجی سوپای عەرەبیی سووریا نین، بەڵکو لەنێو ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون، نەخۆشخانە و شوێنی گشتیش هەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو چالاکڤانە سیاسییە، نەخۆشخانەی عوسمان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لەکارکەتووە و ''لەوە زیاتر ناتوانن خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمان پێشکێشی خەڵکی سڤیل و بریندارانی شەڕ بکەن، هەروەها یەکێکی دیکە لە نەخۆشخانەکان بانگەوازی خێرای بۆ کۆکردنەوەی خوێنی پێویست بۆ برینداران راگەیاندووە.''
ئەو چالاکڤانە سیاسییە لە رێگەی رووداوەوە داوا لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بەهانای خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە بچن، ''چونکە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بەرەو کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەوە دەچین.''
ئەحمەد محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر خوازیاری شەڕ نین و ئاشتیخوازن، ''بەڵکو ئێمە دەمانەوێت دانوستاندن هەبێت و لە رێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
بەگوتەی ئەو چالاکڤانە سیاسییە، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی بۆردوومان و هێرشەکان دا، نزیکەی 10 کەس کوژراون و 50ـی دیکە بریندار بوون.
شەڕی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا پێی ناوەتە رۆژی سێیەمەوە و بەگوتەی نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بۆ رووداو، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ