رووداو دیجیتاڵ
نانار حەواج، لێکۆڵینڤانی باڵای کاروباری سووریا لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) رایگەیاند: ئەوەی لە حەلەب روویدا گرژییەکی سەربازیی چاوەڕوانکراو بووە و ئەوە سرووشتییە رووبدات، چونکە کاتێک دانوستاندنەکان دەپچڕێن، گرژیی سەربازی روودەدات.
نانار حەواج لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان هەدەسە و حکومەتی دیمەشق گوتی، "هەردوو لایەن یەکدی بە نییەتخراپی تۆمەتبار دەکەن، ئەو کاتەی دیپلۆماسییەت دەوەستێت، زمانی چەک دەدوێت و هەر دۆخێکی سەربازی لە حەلەب رووبدات، دۆخێکی مرۆیی نیگەرانکەری لێدەکەوێتەوە."
دوو رۆژە پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بەردەوامە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە ئاوارە بوون.
لێکۆڵینڤانە باڵاکەى کاروباری سووریا لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی پێیوایە هۆکاری سەرەکی، نەبوونی رێککەوتنی نێوان هەردوولا و نەبوونی متمانەیە و گوتى: "ئەوەی لە سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا روویاندا، وایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) متمانەی بە دیمەشق نەمێنێت."
نانار حەواج گوتیشی: "دیمەشق سەقفی داواکارییەکانی بەرز کردەوە، پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ هەسەدە و دیمەشق وای کردووە بڕوا بەوە بهێنرێت کە بارگرژییەکی تەکنیکی دروست بێت، ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە دانوستاندن لەژێر ئاگردا بکرێت، بەبێ ئەوەی دۆخەکە لەژێر دەست دەربچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ