50 رۆژە دوو منداڵ لە گوڵاڵە خنکاون و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هونەر حەمید
ئەو دوو منداڵەی خنکاون
ئەو دوو منداڵەی خنکاون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی گوڵاڵەی سەر بە خانەقین، نزیکەی 50 رۆژە دوو منداڵ کەوتوونەتە نێو رووباری سیروان و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە. باوکی یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت: "تەنیا پێنج خولەک غافڵ بووین، ئەوانیش بە پاسکیلەوە چوونە نێو ئاوەکەوە."
 
چاوەڕوانیی پڕ لە ئازاری ئەم خێزانە بەردەوامە. یاسین کەریم، باوکی ئیلیاسی تەمەن پێنج ساڵ و مامی ئادەمی چوار ساڵ، رۆژانە لە کەناری رووبارەکە چاوەکانی لەسەر دەمی حەفارەکەیە، بە ئومێدی ئەوەی تەرمی کوڕ و برازاکەی بۆ دەربهێنێتەوە.
 
یاسین کەریم بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت: "منداڵن و نەیانزانیوە، بۆیە کەوتوونەتە نێو ئاوەکە. نزیکەی 49 رۆژە ئەم رووداوە بووە و هێشتا گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ئێستا لە رێگەی هەڵکەندنەوە بەدوایاندا دەگەڕێین."
 
دابەزینی ئاستی ئاو و روونبوونەوەی، تەنیا تروسکەی هیوایەکە بۆ خێزانەکە تاوەکو بتوانن تەرمی نەوەکانیان بەخاک بسپێرن.
 
کەریم یووسف، باپیرەی ئادەم و ئیلیاس داوا لە تیمەکان دەکات بە هانایانەوە بچن و دەڵێت: "چاوەڕێین تیمی ژێرئاوگەڕ لە بەغداوە بگەن؛ دەمانەوێت تاوەکو رۆژی هەینی کۆتایی بەم چاوەڕوانییە بهێنین. ئێستا ئاوەکە روون و راوەستاوە، تیمەکان دەتوانن بەبێ بەلەم خۆیان فڕێ بدەنە نێو ئاوەکەوە."
 
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دیالە، پار لە پردی گوڵاڵەوە تاوەکو بەنداوی حەمرین 9 کەس لە رووباری سیرواندا خنکاون و ئەمساڵیش تاوەکو مانگی شوبات دوو کەسی دیکە خنکاون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە