رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندێکی سنووری سیدەکان دەڵێن، بەهۆی بەفرەوە رێگەیان گیراوە و ناتوانن نەخۆش بگەیێننە نەخۆشخانە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت "رێگە کراوەتەوە، بەڵام تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی بەرز و زنجیردار."
دانیشتووانی گوندی (شانشە) لە دەشتی بەرازگر سەر بە قەزای سیدەکان، پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کردووە و دەڵێن، بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی باریوە رێگەکانیان گیراوە و داوای بەهاناوەچوونی تیمەکان دەکەن.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، لە کۆی 148 گوندی سنوورەکە سەرەتا رێگەی هەموویان گیرابوون، بەڵام "ئێستا رێگەی هەموو گوندەکان کراونەتەوە و هاتووچۆ بەردەوامە."
سەبارەت بە گلەیی دانیشتووانی گوندی شانشە، قایمقامی سیدەکان گوتی: "شانشە دانەبڕاوە و هاتووچۆی تێدا هەیە، تەنیا گرفتیان لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بچووکدا هەیە. ئێستا ئۆتۆمبێلە گەورەکان و ئەوانەی (دەبڵ ئەکسڵ) و زنجیریان پێوەیە، بەبێ کێشە هاتووچۆ دەکەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی قایمقامیەت، ئێستا تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبان لە قۆناخی دووەمی کارەکاندان کە پاککردنەوەی رێگەی نێو گوندەکانە، ئەوەش بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی بچووکیش بتوانێت هاتووچۆ بکات.
شەپۆلی بەفرەکە لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی زۆری هەبووە؛ ئیحسان چەلەبی ئاشکرای کرد، لە زۆربەی شوێنەکان زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی وەک "کێلی سەلیم خان" زیاتر لە دوو مەتر بەفر باریوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ