ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: نابێ پێکهێنانی حکومەت لەوە زیاتر دوابخرێ

دوێنێ کاژێر 05:41
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی گەشبینە بەوەی لە کۆبوونەوەی سبەی حیزبەکەیدا لەگەڵ پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون. دەشڵێت: ''گرنگە سەرۆککۆماری داهاتوو پشکی یەکێتی بێت.'' 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-01-2026، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەی سبەی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئێستا  سەبارەت بە پێکهێنانی هەردوو حکومەت (عێراق و هەرێمی کوردستان)، جووڵەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبینرێ، کە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە.''
 
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت. زیاد جەبار گوتی: ''هەنگاوی باش نراون، پێویستە حکومەتی داهاتوو، حکومەتێک بێ بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و ئەو گلەیی و گازندانە نەمێنن کە لە رابردوودا لەسەر نادادپەروەری لەنێوان شار و شارۆچکەکان هەمانبوو''.
 
بڕیارە سبەی پێنجشەممە شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە. رووداو زانیویەتی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گەشبینە بەوەی کە سبەی لێکتێگەیشتنی باش هەبێت، ''پێویستە لەخۆبردووانە رێکبکەوین، بۆ ئەوەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر دوانەخرێت. هەروەها یەکێتی و پارتیش پێکەوە هاوبەشی راستەقینە بن لە دەسەڵاتدا.''
 
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هێشتا لەسەر بەربژێرێکی یەکگرتوو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون کە تاوەکو ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو کوردیشدا بەر یەکێتی کەوتووە. زیاد جەبار لەو بارەیەوە گوتی: ''ئێستا بابەتەکان تێکەڵ بوونە و پێکەوەن، بۆیە [پارتی و یەکێتی] لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستمان بە یەکدی هەیە.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بە یەکگرتوویی نێوماڵی شیعە و سوننە کرد لە بەغدا و گوتی، ''بەداخەوە ئیمە [لایەنە کوردستانییەکان] لەبری ئەوەی گەشە بکەین و بەرەو پێشەوە بچین، لێکترازانێکمان هەیە، کە ئەمە مایەی نیگەرانیی هەموو خەڵکی کوردستانە''.
 
زیاد جەبار هۆکاری لێکترازانی کورد دەخاتە ئەستۆی هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و دەشڵێت، ''هەر کاتێک کورد لە بەغدا پێکەوە بوون، بەشێکی زۆر لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان دەستەبەر کردووە، بۆیە پێویستە لێکتێگەیشتنمان هەبێت و پێکەوە لە بەغدا بە یەک ئاراستە کار بکەین.''
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی نزار ئامێدی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری کردووە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''بۆمان گرنگە سەرۆککۆماری داهاتوو پشکی یەکێتی بێ. ئامانجمانە ئەو سەرۆککۆمارە بە بەردەوامی بەرگریکارێکی سەرسەخت بێ بۆ پاراستنی دەستووری عێراق و جێبەجێکردنی.''
 
بەگوتەی زیاد جەبار، لە کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی باسی پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێران بۆ پۆستەکەش دەکرێ و گوتی: ''هەوڵی یەکێتی ئەوەیە نەوەک تەنیا هێزە کوردستانییەکان، بەڵکو هێزە عێراقییەکانیش پاڵپشتیی بەربژێرەکەمان بکەن و بەدڵیان بێ.''
 
پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، ئەوانیش فوئاد حوسێن و نەوزاد هادین.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 11ی تشرینی دووەمی 2025 کرا، پارتی 27 کورسی و یەکێتی 18 کورسی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە