سۆران عومەر: هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێنەکاتەوە، ناردنی 618 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت

07-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە، ناردنی 618 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات، دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.
 
رۆژی چوارشەممە 7ی شوباتی 2024 ، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی 618 ملیار دینارەکە و داهاتی ناوخۆ کە زیاتر لە 300 ملیار دینارە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابین دەکرێت".

 

بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس، لە 25ی ئاداری 2023وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە.
 
لە 9ی کانوونی یەکەمی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکدا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ هەموارکردنی یاسای بودجە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەموارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند نەکراوە بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، "ئەو هەموارەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە رێککەوتنی لەسەر کراوە و کێشەی نەماوە. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە نامێنێت و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکرێت".
 
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
سۆران عومەر دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەیەوێت زۆر مادە و بڕگەی دیکە یاساکە هەمواربکاتەوە. تائێستا سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی هەموارەکەیە کە لە دادگەی باڵای فیدراڵیش تانەی لێداوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەستکاری و پەسندکرا؛ ئەوەیە پەسندکردنی هەمواری یاساکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران دواخستووە، نەوەک ئەو هەموارەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە".
 
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا؛ لە 21ى حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە.
 
یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لە کاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.