لە کرماشان سێ کەس بە تەقینەوەی مین بریندار بوون

07-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان، سێ هاونیشتمانی بریندار بوون. مینەکە لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەجێماوە.  
 
شەیدا نووربەخش، جێگری قایمقامی شاری گیەڵان رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی 06.02.2023، لە ناوچەی "بان سارات" مین بە سێ کەسدا تەقیوەتەوە و هەر سێکیان بریندار بوون و  بۆ نەخۆشخانەی شاری ئێوان لە پارێزگای ئیلام گوازراونەتەوە.
 
شەیدا نووربەخش گوتی، ئەو شوێنەی مینەکەی تێدا تەقیوەتەوە، لەو ناوچانە نییە کە مینیان تێدا چێنراوە، بۆیە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت. ئەوانەی بریندار بوون هەموویان پیاو بوون و تەمەنیان 35 بۆ 50 ساڵ بووە.
 
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا سەدان هەزار مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشاندا چێنراون. 
 
حکومەتی ئێران دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، هەوڵیدا مینە چێنراوەکان هەڵبگرێتەوە. زستانی ساڵی 2012 راگەیێندرا کە مین و تەقەمەنییەکانی پارێزگای کرماشان هەموویان کۆکراونەتەوە و رێوڕەسمێکیشی بۆ بەڕێوەچوو. بەڵام دوای ئەوەش، زۆر جار مین و تەقەمەنی سەردەمی شەڕ بە خەڵکدا تەقیوەتەوە و خەڵک بەو هۆیەوە بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەشێک لە مین و تەقەمەنییەکان بەهۆی لافاو و خزینی زەوییەوە شوێنەکانیان گۆڕاوە، یان باران خۆڵی سەر مینەکانی لاداوە و وردە وردە دەرکەوتوون، بەمەش بوونەتە هۆی مەترسی.
 
شەیدا نووربەخش، جێگری قایمقامی شاری گیەڵان، داوای لە گوندنشین و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان کردووە، دەستکاریی تەقەمەنییەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق نەکەن، بۆ ئەوەی زیانی لێنەکەوێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە