رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نیوەی ئەو کارەبایەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ خانەقین دابین دەکرێت، نادرێتە ئەو قەزایە و بۆ شوێنی دیکە دەچێت.
رۆژی 7ی شوباتی 2024، سۆزان مەنسوور، نوێنەری قەزای خانەقین لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "120 مێگاوات کارەبا لە سەرپیل زەهاو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خانەقین دابینکراوە، بەڵام نیوەی کارەباکەی بۆ شوێنی دیکە و تایبەت دەڕوات و نادرێتە خانەقین، ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونی ئەم بابەتەین".
بەگوتەی سۆزان مەنسوور کە هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، خانەقین ئێستا دۆخی کارەبای باشە، بەڵام لە وەرزی هاوین وەک یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی کوردستان و عێراق، گرفتی کەمیی کارەبای هەیە، بۆیە هەر لە ئێستا هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان دەستپێکردووە.
سۆران مەنسوور دەڵێت، رەزامەندیی وەزارەتی کارەبای عێراقیان وەرگرتووە بۆ دابینکردنی وێستگەیەکی کارەبای گەڕۆک و موەلیدەیەکی گەورەی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، هەروەها رێکاری پێویستیش دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆخی موەلیدە ئەهلییەکانیش لە خانەقین چارەسەر بکرێت.
ژمارەی دانیشتووانی خانەقین لە ساڵانی حەفتاکاندا 170 هەزار کەس بووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2019ـدا، 238 هەزار و 337 کەس بووە، زیاتر لە 90 هەزار کەسیان لەنێو قەزای خانەقیندا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ