وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: داخستنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان مانگێک درێژ دەکرێتەوە

07-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، داخستنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان مانگێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
 
شاندەکەی وەزارەتی ئاماژەپێدراو ئێوارەی دوێنێ سێشەممە گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە کە ئێستا لە هەولێرە، رۆژی چوارشەممە 7ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی داخستنی کەمپەکان، پێویستی ئاوارەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاییەکان لەو ماوەیەی کە دەمێننەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن".
 
رۆژی سێشەممە 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان؛ بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن. لەبارەی ژمارەی ئاوارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ دەڵێت، "بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 35 هەزار بۆ 37 هەزار خێزان ئاوارە لە کەمپەکاندا هەن کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەس دەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.