نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان: هەوڵی داگیرکردنی هەزار دۆنم زەویمان دەدرێت

07-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کێشەی زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان بەردەوامە. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەک سەردانی گوندی جێسمە بکات و ئەوانیش رێگە بە لیژنەکە نادەن، "چونکە بۆ بەعەرەبکردنە".
 
کێشەکە لەسەر نزیکەی هەزار دۆنم زەوییە لە گوندی جێسمە لە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووک. محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زەوییەکە خاوەندارێتی بۆ کورد دەگەڕێتەوە و عەرەب دەیەوێت داگیری بکات".
 
بە تەنیشت گوندی جێسمەدا زێی بچووک دەڕوات. ئەوبەری گوندەکە گوندی عەرەبنشینن؛ بە تێپەڕبوونی کات رێڕەوی ئاوی زێیەکە گۆڕاوە و ئەو شوێنەی پێشتر ئاوی پێدا رۆشتووە وشکبوووە و بووە بە زەوی. ئێستا عەرەبی ناوچەکە ئەو شوێنەی وشکبووە بە زەوی خۆیان دەزانن و داوای دەکەن، کوردیش رەتیدەکەنەوە.
 
محەممەد ئەمین دەڵێت، "زەوییەکە لە سنووری گوندی جێسمەیە و لەمبەری زێیەکەیە نەوەک ئەو بەرەی کە عەرەبی تێدایە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک سازشی لێناکەین".
 
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەکی کشتوکاڵی لە قەزای دوبزەوە بۆ لێکۆڵینەوە بچنە گوندەکە. سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، ئەوان رێگە نادەن لیژنەکە بچێت و بە گردبوونەوەی ناڕەزایی رێگەیان لێدەگرن.
 
محەممەد ئەمین لەبارەی هۆکاری رێگرییەکەوە گوتی، ئەوان گومانیان لە لیژنەکە هەیە کە "عەرەبن و لە بەرژەوەندی عەرەبەکان بڕیار بدەن". گوتیشی، "نامانەوێ لە رێگەی لیژنەکەوە بڵێن نیوەی زەوییەکە بۆ عەرەبەکان بێت، چونکە بە تەواوی تەعریبە".
 
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەیان هەزار دۆنم زەویی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای کەرکووک هەوڵی تەعریبکردنیان دراوە و لە چەند شوێنێکیش دەستگیراوە بەسەر زەوی هاونیشتمانیان و رێگری لە کارە کشتوکاڵییەکانیان کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە