رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی وان و مووشی باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە، رێگەی 68 گوند داخران.
شارەکانی باکووری کوردستان ئەم ساڵ زستانێکی سەخت بەڕێدەکەن و لەگەڵ هەر شەپۆلێکی بەفر و کڕێوە رێگەی چەندین گوند دادەخرێن و تیمەکانی شارەوانی بەردەوام لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکانن.
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 5 گوند داخران. گوتیشی، تیمەکانی شارەوانی بێ وچان کار بۆ راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان دەکەن.
شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی مووش رایگەیاند، لە پارێزگاکە بەهۆی بەفر و کڕێوە رێگەی 63 گوند داخراون و کارەکانی کردنەوەی رێگەکان بەردەوامن.
ئیدارەی تایبەتیی جۆلەمێرگ رایگەیاند، لە سنوورەکەیاندا رێگەی 2 گوند داخراون کە دوای ئەوەی تیمەکانی شارەوانییان ناردووەتە ناوچەکە، ریگەکان کراونەتەوە.
هاوکات رایگەیاند، هێشتا چاوەڕێی شەپۆلی دیکەی بەفر و باران دەکرێت و تیمەکانی شارەوانی بەردەوام لە ئامادەیین.
لە شارۆچکەی رووبارۆک بەهۆی تەمومژی زۆرەوە مەودای بینین زۆر کورت بووەتەوە و شۆفێران رووبەڕووی کێشە بوونەوە.
بەگوێرەی داتای کەشناسی سبەی یەکشەممە پێشبینی بەفر بارین دەکرێت و پلەی گەرما لەو پارێزگایەدا لە نێوان 4 بۆ 1ی ژێر سفر دەبێت. هەروەها لە پارێزگای مووش ئاسمان هەوراوی دەبێت و پلەی گەرما لە سفر بۆ 5ی سیلیزی دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ