رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى رێساکانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، نابێت بەربژێر زانیاریی نادروست بڵاوبکاتەوە، ناو بزڕێنێت و کەلوپەلى بانگەشەى هەڵبژاردن ببات بۆ پارتێکی دیکەی سیاسی.
کۆمیسیۆن هەروەها هەڵگرتنی چەک قەدەخە دەکات؛ رێگری لە وەرگرتنی پارە لە گرووپى چەکدار یان بەرپرسی دەسەڵاتی بەعس دەکات.
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، پێویستە بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا پابەندی ئەو رێسایانە بن.
بەگوێرەى ئەو رێسایانە، 18 جۆر مامەڵە و هەڵسوکەوت لە بەربژێران قەدەخەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوونی بەربژێر بە هەر کامێکیانەوە رێوشوێن بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، ناوزڕاندن، پێشکێشکردنى بەڵگەنامەى نادروست بە کۆمیسیۆن، تێکدانى گردبوونەوە و دیدارى پارت و بەربژێرەکان، بردنی کەلوپەلى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ پارتێکى سیاسى، بەکارهێنانى ئەو وێنانەى دەکرێت ئاماژەى رق و کینە بن بەرامبەر کەسانى دیکە یان دەکرێت هاندانیان تێدا بێت بۆ دروستبوونى تووندوتیژى لەو رێسایانەن کۆمیسیۆن داوا لە بەربژێرەکان دەکات خۆیانیان لێ لابدەن.
بەشێکى دیکەى ئەو رێسایانە بریتین لە قەدەخەکردنی هەڵگرتنى چەک یان پێشاندانى چەک لە گردبوونەوەکاندا؛ پاردارکردنى بەربژێر بەشێوەى راستەوخۆ یان ناراستەوخۆى لەلایەن هێزێکى چەکدار، میلیشیا یان بەرپرسانى دەسەڵاتی بەعسەوە؛ هەروەها نابێت بەربژێر هێزى چەکدار یان "میلیشیا"ى هەبێت.
کۆمیسیۆن هەروەها دەڵێت، "نابێت بەربژێر رێگرى یان هەوڵى رێگرى بکات لە هەر کەسێک لە پیادەکردنى مافەکانى لە دەنگدان؛ نابێت بەربژێر" هەڕەشە لە ئەندام یان هەر دەنگدەرێک بکات.
هەر لەو رێسایانەدا هاتووە کە نابێت بەربژێر بابەت یان پۆستەرى هەڵە و ساختە بڵاوبکاتەوە بۆ چەواشەکردن و سەرلێتێکدان؛ هەروەها نابێت بەربژێر داهاتى گشتى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکاربێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ