رووداو دیجیتاڵ
کچە کوردێکی ئێزدی گەڕێندرایەوە نێو کەسوکاری، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرایەوە شنگال.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-3-2024، کچە کوردێکی ئێزدی دوای 10 ساڵ دووری لە کەسوکاری خۆی گەڕێندایەوە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک و بە کەسوکاری شادبوویەوە.
ئەو کچە ناوی کۆڤان عیدۆیە و لە سەرەتای ئابی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێندرا.
کۆڤان کاتێک رفێندرا تەمەنی 14 ساڵ بوو و رۆژی شەممە 2-3-2024 لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرایەوە شنگال و ئەمڕۆش گەڕێندرایەوە نێو کەسوکاری لە پارێزگای دهۆک.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دایک و باوکی ئەو کچە لە ژیاندا نەماون.
کوردانی ئێزدی بە گەڕاندنەوەی کۆڤان بۆ نێویان زۆر خۆشحاڵ بوون و لە رێوڕەسمێکدا بە گوڵ و چەپڵەلێدان پێشوازییان لێکرد.
کۆڤان خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر رزگارکردنی و گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکاری دەربڕی و گوتی، چەکدارانی داعش بۆ ماوەی 10 ساڵ لە کەسوکار و نیشتمانی خۆی بێبەشیان کرد.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسی رفاند.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 575 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون.
چیرۆکی ئەم وێنانە؛ ساڵی 2014 کە چەکدارانی داعش سەتان ژن و منداڵیان لە شنگال رفاند؛ کۆڤان عیدۆی 14 ساڵ یەکێک بوو لەوان. ئەمڕۆ لە پاش 10 ساڵ گەڕایەوە و بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 7, 2024
وێنە: نایف رەمەزان - رووداو pic.twitter.com/1JTLqwwkaq
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ