لێکۆڵینەوەیەک: یەکەم کەس بەهۆی نەیزەکەوە گیانی لەدەستدابێت لە سلێمانی بووە

01-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆی ئێگە و تراکیا لە تورکیا و پەیمانگەی SETI بۆ توێژینەوە لە ئەمریکا؛ یەکەم کەس بەهۆی نەیزەکەوە گیانی لەدەستدابێت و بەڵگەنامەکەی تۆمارکرابێت، لە ساڵی 1888 بووە لە سەرچناری سلێمانی.
 
لە لێکۆڵینەوەکە، پشت بە سێ نامەی والیی مووسڵی سەردەمی عوسمانییەکان بەستراوە، کە ئەوکات بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانی نێردراوە و ئاماژە بە رووداوەکە کراوە. نامەکان بە زمانی تورکی بەڵام بە ئەلفەبێتی عەرەبی و فارسی نووسراون، وەرگێڕانی تورکیان بۆ کراوە و پاشان کراونەتە زمانی ئینگلیزی.
 
نامەکان لە بەڕێوەبەریی گشتیی ئەرشیفەکانی دەوڵەت لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وەرگیراون.
 
نامەی یەکەم
 
لە 10ـی ئابی 1888 کاژێر 8:30ـی شەو بەردێکی ئاگرین [مەبەستی نەیزەک یان بەردی ئاسمانییە] لە گوندی (چیشانە) کە ئێستا دەکەوێتە رۆژئاوای سەرچناری سلێمانی، کەوتە سەر گردێک. رووناکییەکی گەورەی لێکەوتەوە و دووکەڵێکی زۆری لێ بەرزبووەوە. بەردەکە بە ئاراستەی گوندی (دیلاڤێر) رۆیشت لە رۆژئاوای سلێمانی. هەمان شەو، رووداوێکی هاوشێوە لە گوندی (هۆریلمار) روویدا. 
 

لە لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دراوە کە گوندی دیلاڤێر نەدۆزراوەتەوە ئێستا کوێیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەوە ناوەکەی گۆڕاوە. هەروەها، گوندی هۆریلمار لەوانەیە مەبەستی (خورماڵ) بووبێت، بەڵام دڵنیانین.
 
لە نامەکان، کە فایەق موستەفا پاشا، والیی مووسڵی ئەوکاتی عوسمانییەکان ناردوویەتی، نەیزەکەکان وەکو باران دەبارین، لە ئەنجامدا پیاوێک بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو و ئیفلیج بوو. خەڵکی گوندی دیلاڤێر سوپاسی خوایان کرد کە کەسیان بەرنەکەوتوون، بەڵام رووبەڕێکی گەورەی زەویی کێڵراو بەرکەوت. نموونەیەک لە بەردە ئاگرینەکە بۆ کۆشکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نێردرا.
 

نامەی دووەم
 
لە نامەی دووەم کورتەیەک لەسەر رووداوەکەی سەرچنار باسکراوە و لە 2ـی سەفەری 1306ـی کۆچی [کە دەکاتە 8ـی تشرینی یەکەمی 1888ـی زایینی]، ئەحمەد مونیر پاشا، لە وەزارەتی ناوخۆی ئەوکاتی عوسمانییەکان، داوا لە سوڵتان حەمیدی دووەم دەکات رێنماییان بکات چ شتێک بکەن. تاوەکو ئێستا لێکۆڵینڤانەکان دەستیان بە هیچ نووسراوێک نەگەیشتووە کە ئاماژە بە وەڵامی سوڵتان حەمید بدات.
 

نامەی سێیەم
 
نامەی سێیەم دوای رۆژێک لە نامەی دووەم، لەلایەن کامیل پاشا، وەزیری گەورەی ناوخۆ نێردراوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەحمەد مونیر پاشا نموونەیەکی ئەو بەردەی ناردووە کە بووەتە هۆی رووداوەکە. 
 

لە نامەکان هەروەها نەخشەیەک کێشراوە و ئاماژە بە شوێنی پێداکێشانەکە کراوە و نیشانەی (X)ـی لەسەر دانراوە. لە نەخشەکە جگە لەو نیشانەیە، نیشانەیەکی ئاگریش لە دووریی 67 کیلۆمەتر دانراوە کە دەکرێت ئاماژە بەوە بدات ئەو نەیزەکە ئەو دوورییەی بڕیبێت و لە ئاسمان بینرابێت. نەیزەکەکە لە شاری گولامبار [باشووری رۆژهەڵاتی سەرچناری ئێستا] هاتووەتە بەرگەهەوای زەوی و بەرەو رووی گوندی (چیشانە) لە سەرچنار هاتووە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.