پاشماوەی درۆنێکی لە هەولێر ئاگری لە کۆگایەک کردەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی شەممە 7-3-2026، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، دوای تەقاندنەوەی لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە، پاشماوەکەی لەسەر رێگەی گەزنە کەوتە ناو کۆگایەکی گەورە و ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، رووداوەکە کاژێر 5:30 بۆ 5:35 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە رووی دا. درۆنەکە، پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی لە ئاسماندا تەقێنراوەتەوە، بەڵام پاشماوەکانی لە نزیک گوندی گەزنە لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک کەوتە خوارەوە.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، "پاشماوەی درۆنەکە بەر کۆگایەکی گەورەی کەلوپەل و جوانکاریی ئۆتۆمبێل کەوتووە  و ئاگر لە کۆگاکەدا دروست بوو کە دووکەڵەکەی لە دوورەوە دەبینرا."
 
 
زیانەکان چین؟
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای هەوڵێکی زۆر توانییان ئاگرەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانە ماددییەکان زۆرن و کۆگاکە بەشێکی زۆری سووتاوە.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە شوێنەکەن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و کۆکردنەوەی پاشماوەی درۆنەکە. هێزە ئەمنییەکان داوایان لە تیمەکانی راگەیاندن کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتییان، زۆر لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی پارچەکان نزیک نەبنەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکان کە بە "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" ناسراون، بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی هەولێر.
 
رێگەی گەزنە یەکێکە لە ناوچە پیشەسازییە گرنگەکانی هەولێر کە دەیان کۆگای گەورەی خۆراک، مۆبیلیات و کەلوپەلی ناوماڵی لێیە. کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکە لەو ناوچەیە، نیگەرانیی لای خاوەن کارگە و کۆگاکانی ئەو سنوورە دروست کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە