وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئاوات شێخ جەناب دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش نەکردووە

07-04-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە
هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ئەندامی تیمی گۆڕان لە حکومەت رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی حکومەت و بزووتنەوەی گۆڕان نەکردووە، تەنیا نیگەرانییەکانی بە جڤاتی نیشتمانی گەیاندووە.
 
دوێنێ چوارشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت، کۆبوونەوە. دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە وەکو ئەندامی شاندی گۆڕان بەشداربوو. ئەو میوانی سەنگەر عەبدولڕەحمان بوو لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـە و باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد. 

دانا عەبدولکەریم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵسەنگاندنی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و نیگەرانییەکانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییان کردووە. گوتیشی، رێککەوتنی گۆڕان و پارتی نیوەی جێبەجێکراوە.

لەبارەی نیگەرانییەکانی وەزیری دارایی، دانا عەبدولکەریم گوتی، "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی نیگەرانە کە کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر وەزارەتی دارایی."

رووداو: کۆبوونەوەی تیمی پارتی و گۆڕان لە حکومەت لەسەر چی بوو؟ نیگەرانییەکانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی پێموابێت تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەتان بوو، لەسەر ئەو بابەتە چۆن قسە کرا؟ هیچ بەرەوپێشچوونێک هەیە؟

دانا عەبدولکەریم: کۆبوونەوەکە لەسەر دوو بابەتی سەرەکی بوو: یەکەم، هەڵسەنگاندنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا کراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە لەسەر ئەو بنەمایە کابینەی نۆیەم پێکهاتووە، بابەتی دووەمیش لەسەر نیگەرانییەکانی بەڕێز وەزیری دارایی کاک شێخ ئاوات بوو.

رووداو: لەسەر رێککەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت، گلەیی ئێوە هەیە لە پارتی لەسەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەتان؟

دانا عەبدولکەریم: بە دڵنیاییەوە.

رووداو: لە کوێ ئەو گلەییەتان هەبوو؟

دانا عەبدولکەریم: رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوانماندا هەیە، ئەو رێککەوتنە نووسراوە سەرۆکی هەردوو شاندی دانوستاندنکار کە یەكێکیان بەڕێز خوالێخۆشبوو دکتۆر رۆژ نووری شاوەیسە واژۆی کردووە، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بەڕێز مامۆستا جەلال جەوهەر واژۆی کردووە. ئێمە داواکارین ئەو رێککەوتنەی کە کراوە لەسەر ئەو بنەمایەی لەسەری رێککەوتووین وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

رووداو: چی جێبەجێ نەکراوە؟

دانا عەبدولکەریم: دەتوانم بڵێم 50%ی جێبەجێکراوە و 50%ی جێبەجێ نەکراوە.

رووداو: گلەیی پارتی لەوبارەیەوە چی بوو؟ پارتییش گلەیی لە ئێوە هەبوو؟

دانا عەبدولکەریم: بە دڵنیاییەوە، پارتیش گلەیی و سەرنجی هەبوو لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان. بەشێکی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە بە هەندێک لەو گلەییانەوە بەستووەتەوە.

رووداو: گلەییەکانی پارتی چی بوون؟

دانا عەبدولکەریم: گلەییەکانی پارتی، بەتایبەتی لەسەر هەندێک هەڵوێستی سیاسی، یان هەندێک کارەکتەری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕاندا کاریان نەکردووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەنگاوەکانیان دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەرنا دوێنی کۆبوونەوەکە، بە تایبەتی لەسەر ئەو بابەتە، دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرپرسیارانە بوو، هەم بەڕێز سەرۆکی حکومەت بە شێوازێکی رێز و لۆژیکیانە بابەتەکەی وروژاند، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕانیش سەرنج و تێبینییەکانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی کوردستان کە بە ئێمەیان دابوو لە کۆبوونەوەکانی خۆماندا، ئێمە ئەو سەرنج و تێبینییانەی ئەندامانی جڤاتیشمان گەیاند بە بەڕێز سەرۆکی حکومەت، چونکە دواجار ئێمە مەبەستمانە کە ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوە، ببێتە مایەی پاراستنی هەرێمی کوردستان و ببێتە مایەی خزمەتکرانی خەڵکی کوردستان و ئەوەی حکومەت حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار بێت. لەو روانگەیەشەوە هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەو بابەتە.

رووداو: هیچ بەرەوپێشچوون دەبێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەتان، هیچ وادەیەکی دیاریکراوتان دەستنیشان کردووە بۆئەوەی رێککەوتنەکە بەلایەنی کەمەوە 70-80%ی جێبەجێ بکرێت؟

دانا عەبدولکەریم: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، بەو ئاراستەیە رۆشت کە ئەو بەشەی ماوە لە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

رووداو: گلەیی پارتی ئەوەیە پەرلەمانتارەکانتان، یان ئەندامانی جڤات و بەرپرسانی گۆڕان زۆرجار بە نەفەسێکی ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەت دەکەن. بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەمە چی دەکات؟

دانا عەبدولکەریم: پێکهاتەی بزووتنەوەی گۆڕان  جیاوازە لە پێکهاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتەیەکی ستوونییە، پیکهاتەی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتەیەکی ئاسۆییە. ئەو شێوازەی لە کاری حیزبی لەنێو پارتیدا هەیە جیاوازە لەو شێوازە کارەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە، لەبەرئەوە مەودای کارکردن لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا فراوانترە، مەودای رەخنەگرتن فراوانترە. ئەمە بەو مانایە ناڵێم کە لەنێو پارتیدا رەخنە نییە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان سنوورێکی دیاریکراو نییە. ئەمە دۆخێکی تایبەتە لەنێو پێکهاتەی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئێمە ناتوانین رێگە بە رەخنەکان نەدەین، دەبێت رەخنەکان بگیرێت بۆئەوەی کاریگەریی لەسەر ئێمە و ئەدای حکومەت هەبێت، بۆئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتگوزاریی باشتر بکەین. بۆیە تێگەیشتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهاتەی حیزبیی بزووتنەوەی گۆڕان گرنگە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایێت کە بزووتنەوەی گۆڕانیش بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ نەکات. ئێمە کە لە حکومەتداین بەوپەڕی توانا و هەوڵدانەوە کارمان کردووە، کە ئەرکی خۆمان وەکو بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرپرسیارانە جێبەجێ بکەین و هەوڵبدەین چەند لە تواناماندایە خزمەتی هاووڵاتییان بکەین لە چوارچێوەی ئەو هێڵە گشتییانەی کارنامەی حکومەت کە لە رۆژی سوێندخواردندا لەبەردەم پەرلەمان و خەڵکی کوردستاندا داومانە.

رووداو: لەسەر نیگەرانییەکان ئاوات شێخ جەنابیش قسەتان کرد، کاک ئاوات لە چی نیگەرانە؟

دانا عەبدولکەریم: بە راشکاوی کاک ئاوات لە ململانێی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی نیگەرانە، کە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر وەزارەتی دارایی هەبووە، هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە تاوەکو ئێستا دوو ئیدارەییە، ئەو ململانێیە کارێکی وایکردووە کە وەزارەتی دارایی نەتوانێت وەکو دامەزراوەیەکی یەکگرتوو بە ئەرکی خۆی هەستێت، زۆرجار لەمەدا ئیحراجییەکی زۆر بۆ بەڕێز وەزیری دارایی دروستدەبێت کە هەندێک لە پێداویستییەکان لە کاتی خۆیدا و لە کاتی پێویستدا نەتوانێت پڕبکاتەوە. بەهۆی ئەو دوو ئیدارەییەی لە بواری داراییدا هەیە. هەرێمی کوردستان چ لە بواری چەکداری و چ لە بواری دارایی دوو ئیدارەیین. ئەوە رای کەسیی کاک ئاوات خۆی و هەڵسەنگاندنی خۆیەتی، ئێمەش وەکو تیمی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت، پشتگیریمان کردووە، کە دەبێت کارێک بکەین ئاسەواری ئەو ململانێیە کەمبکرێتەوە، بۆئەوەی بتوانین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری و ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی وەکو یەک پێبگات.

رووداو: کاک ئاوات بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە، ئەو نیگەرانییەی بە بەڕێز سەرۆکی حکومەت گوت؟

دانا عەبدولکەریم: بە دڵنیاییەوە.

رووداو: رێککەوتن؟ یان نزیکبوونەوەیەک هەیە لەسەر ئەوەی کە کاک ئاوات بگەڕێتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: کۆبوونەوەکە بەگشتی ئەرێنی بوو، لە هەفتەی داهاتووش چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەوانەیە بکرێت.

رووداو: کاک ئاوات دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی؟

دانا عەبدولکەریم: نیگەرانییەکانی کاک ئاوات پەیوەندیدارە بە پرسی وەزارەتەکەی خۆی، کە بەهۆی ئەو ململانێیەوە ناتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت.

رووداو: گوتی دەگەڕێمەوە یان ناگەڕێتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

رووداو: سەرۆکی حکومەت داوای لێکرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی؟

دانا عەبدولکەریم: سەرۆکی حکومەت بە شێوەیەکی راستەوخۆ گوتی: من رێز و تەقدیرم بۆ کارەکانی کاک شێخ ئاوات هەیە و پێمانخۆشە چۆن دەستمان پێکردووە، بەیەکەوە بەردەوامبین.

رووداو: کەی بابەتی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی کاک ئاوات یەکلادەبێتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: قورسە کاتێک دیاری بکەین و بڵێین فڵان کات دەگەڕێتەوە یان ناگەڕێتەوە، بەڵام هیوادارم ئێمە تاوەکو هەفتەی داهاتوو ئەو بابەتەمان یەکلایی کردبێتەوە.

رووداو: دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: نەخێر. تاوەکو ئێستا کاک ئاوات نە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی گۆڕان کردووە، نە حکومەت؛ بەڵام نیگەرانییەکانی خۆی بە جڤاتی نیشتمانی گوتووە کە ئەو بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە قورسە بتوانێت بەردەوامبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی.

رووداو: ئەوە راستە داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە جێگرەوەیەک بۆ شوێنەکەی دابنێن؟

دانا عەبدولکەریم: ئەمە لە چوارچێوەی نیگەرانییەکانیەتی کە پێشکێشی جڤاتی نیشتمانیی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کە درابێت بە دەستلەکارکێشانەوە.

رووداو: هەندێک میدیا باسی ئەوەیان کردووە کە دوێنێ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی نەبووە دوای کاک ئاوات پۆستەکە بداتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر هەندێک مەرجدا نەبێت، وەکو پشتیوانیکردن لە پارتی لە پرسی هەڵبژاردن؛ ئەمە تا چەند راستە؟

دانا عەبدولکەریم: سەرلەبەری درۆیە، نەخێر بە هیچ شێوەیەک راست نییە.

رووداو: راستیی ئەو بابەتە چییە؟

دانا عەبدولکەریم: ئەو بابەتە هەر باس نەکراوە، کە مەرج و مەرجکاری هەبێت لەو بابەتە. بەڕێز سەرۆکی حکومەت کەسایەتییەکی بەرپرسیارە و بە هیچ شێوەیەک بابەتی وا بە شێوازی وا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێشکێش ناکات، چونکە ئێمە لەسەر بنچینەی رێککەوتن و رەزامەندیی هەردوولا هاتووینەتە حکومەتەوە، لەسەر بنچینەی مەرجدانانی پابەندبوون و ملکەچبوون بۆ بەرنامەی هیچ لایەکمان نەهاتووینەتە حکومەتەوە. هیچ کاتێک نە بزووتنەوەی گۆڕان ملکەچی ئەجێندای پارتی دەبێت، نە پارتییش ملکەچی ئەجێندای بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت. ئەوەی کە هەیە بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمان هەیە، ئێمە دەمانەوێت بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمان بە هەموومان بپارێزین، بەداخەوە تاوەکو ئێستا کە کورد نەبووە بە هیچ، ئەوەیە کە بەردەوام دژایەتیی یەکتریان کردووە. ئێمە دەمانەوێت پاکێجێکی هاوبەش هەبێت بۆئەوەی بتوانین پێکەوە کوردستان بخەینە قۆناخێک کە بەرەو ئارامی بڕوات. سەیری مێژووی رابردووی میللەتەکەمان بکەین، بەردەوام ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی کە میرنشینەکان و حکومدارییە کوردییەکان لەنێوبچن، دژایەتیکردنی یەکدی بووە. ئێمە وانەکەین مێژوو بخوێنینەوە و بڵێین بەداخەوە بۆ وا دەکرێت و ئێستا بۆ خۆمان وادەکەین؟ لەبەرئەوە گرنگە ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان دەمانەوێت زەمینەیەکی هاوبەش و بەرنامەیەکی هاوبەش هەبێت بۆ رزگارکردنی نیشتمان و خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، چونکە کە دواجار نیشتمان تێکچوو.. لە هەمووان تێکدەچێت.

رووداو: تاوەکو کۆتایی ئەو کابینەیە بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بەردەوام دەبێت؟ چونکە دەنگێک لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان هەیە کە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخ و ئەو داوایەی ئەندامانی جڤات دەکەن؟

دانا عەبدولکەریم: وەکو تیمی گۆڕان ئێمە داواکاریی ئەندامانی جڤات بە هەند وەردەگرین، چونکە دروستکردنی بڕیار لە بزووتنەوەی گۆڕان دواجار لە جڤاتی نیشتمانییەوە دەردەچێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان کە لە کابینەی نۆیەمدایە لەسەر بنەمای رێککەوتنێکە. ئێمە دەمانەوێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی ئێمەش تاوەکو کۆتایی کابینەکە بەردەوامبین.

رووداو: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا جۆرێک لە شەڕی راگەیاندن هەبوو لەنێوان راگەیاندنەکانی گۆڕان و یەکێتی و پارتی بەرامبەر یەکدی. دوێنێش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی ئەو بابەتە کراوە. بڕیاردرا کە شەڕی راگەیاندن رابگیرێت. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چۆن باسی ئەو بابەتە کرا؟

دانا عەبدولکەریم: شەڕی راگەیاندن خزمەت بە دۆخەکە ناکات، بە پێچەوانەوە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەبات، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی شەڕی راگەیاندن کۆتایی پێبهێندرێت.

رووداو: وەکو تیمی گۆڕان و پارتی و یەکێتی لە حکومەت بڕیارتاندا لەگەڵ راگەیاندنەکانتان قسە بکەن بۆئەوەی ئەو شەڕە رابگیرێت؟

دانا عەبدولکەریم: رایەکی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە کە هەموو ئەندامانی ئەنجووومەن لەگەڵ ئەوەن شەڕی راگەیاندن نەبێت، بەڵام بەداخەوە خۆ ئەو کەناڵە راگەیاندنانە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران نین، سەر بە پارتە سیاسییەکانن. پارتە سیاسییەکان شەڕی راگەیاندنەکان دەکەین. 

رووداو: مەبەستم تیمی حیزبەکانە لە حکومەت، لەگەڵ حیزبەکانی خۆتان قسەتان کردووە بۆئەوەی ئەو شەڕە رابگیرێت؟

دانا عەبدولکەریم: دواجار ئەو کەناڵانە هی راگەیاندنی حیزبەکانن، حیزبەکانیش نوێنەری خۆیان ناردووەتە حکومەتەوە، ئەمە کارلێک دەکات لەنێوانی یەکدا و پەیوەندیی بە دۆخەکەوە دەبێت، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت بڕیارێک بدات بۆ راگرتنی ئەو شەڕە، چونکە ئەو دەزگا راگەیاندنانە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران نین تاوەکو بڕیاری لەسەر بدات، بەڵکو لە ئەنجوومەنی وەزیران هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی خۆمان قسە بکەین بۆئەوەی گرژیی راگەیاندن نەمێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە